نەشتەرگەرە چینییەکان هەنگاوێکی گەورەیان لە چاندنی ئەندامی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ ناوە

گران جاف 2 کاتژمێر پێش ئێستا

گرفتی سەرەکیی چاندنی ئەندامی مرۆڤ بۆ مرۆڤ ئەوەیە کە بەخشەر کەمن و وەرگر زۆرن، هەربۆیە ئێستا پسپۆڕان هەوڵ دەدەن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ چاندنی ئەندامەکانی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ، پسپۆڕە چینییەکانیش ڕۆژ بە ڕۆژ سەرکەوتنی زیاتر لەم بووارەدا بەدەست دەهێنن.

نەشتەرگەرە چینییەکان توانیویانە بۆ یەکەم جار لە جیهاندا چەند ئەندامێکی ئاژەڵێک بۆ مرۆڤێک بچێنن.

 سەرەتا پسپۆڕەکان جگەر و دوو گورچیلەی بەرازێکیان لە تاقیگە ئامادەکردووە و گۆڕانکاریی بۆماوەییان بەسەرداهێناون، پاشان هەر سێ ئەندامەکەیان بۆ پیاوێکی 53 ساڵ چاند کە مێشکی مردووە.

ئەندامەکان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە جەستەی پیاوەکەدا بە باشی کاریان کرد، بە جۆرێک زەرداوی جگەر و میزیان بە باشی دروستدەکرد، هاوکات سووڕی خوێن تیایاندا ئاسایی و بێ گرفت بوو.

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە مەحاڵ نییە چەند ئەندامێکی ئاژەڵ بۆ مرۆڤێک بچێنرێت.

لەگەڵ ئەوەی تەنیا بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ئەندامەکان کاریان کرد، بەڵام ئەمە بۆ یەکەمین جارە چەند ئەندامێکی ئاژەڵێک لە هەمان کاتدا بۆ مرۆڤێک بچێنرێت.

ئەم پێشکەوتنە گەورەیە دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە هۆکار بۆ ڕزگارکردنی ملیۆنان کەس کە بەهۆی نەبوونی ئەندامێکی جەستەیانەوە گیان لەدەستدەدەن.

گران جاف

2 کاتژمێر پێش ئێستا