حکومەتى سۆماڵ لەسەر ناوبژیوانەکەى هاتە دەنگ
حکومەتى سۆماڵ، بە خێرایی لەسەر ئەو ناوبژیوانەى هاتە دەنگ کە ڕێگریان لێکرد بچێتە خاکى ئەمریکا و ڤیزایان پێ نەدا.
لە ڕاگەیاندراوێکى فەرمیدا، وەزارەتى وەرزشى سۆماڵ ڕایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی عومەر عەبدولقادر ئارتانى ناوبژیوان دەکەین، ئەوەى بەرامبەرى کرا، بێرێزى بوو بەرامبەر هەموو گەلى سۆماڵ.
وەزارەتى وەرزشى سۆماڵ گووتویەتى: "متمانەى تەواومان بە ئارتان هەیە، هیچ کاریکى نایاسایی ئەنجام نەداوە، پیشەگەرانە کارەکانى خۆى ئەنجامداوە و پشکى هەبووە لە پێشخستنى تۆپى پێ لە سۆماڵ و لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش."
لەبەرامبەردا یەکێتیی نێودەوڵەتیى تۆپى پێ، وەڵامى وەزارەتى وەرزشى سۆماڵى داوەتە و ڕایگەیاند، ئەوان دەسەڵاتى ئەوەیان نیە هیچ کەسێک داخڵى وڵاتانى میواندارى مۆندیال بکەن، تەنها حکومەتى ئەو وڵاتانە دەتوانن ئەو کارە بکەن.
فیفا ئەوەشى ئاشکرا کردووە، دەسەڵاتدارانى ئەمریکا ئاگاداریان کردوونەتەوە کە لە ئێستادا ڕێکارە یاساییەکانى وڵاتەکەیان، ڕێگە بە ئارتان نادات بچێتە خاکى ئەمریکا و ئەو بڕیارەش گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوینێ دووشەممە، بە فەرمى حکومەتى ئەمریکا ڕەتیکردەوە ڤیزا بە عومەر عەبدولقادر ئارتانى ناوبژیوانى سۆماڵى بدات، کە یەکێک بوو لەو ناوبژیوانانەى فیفا دیاریکردبوو بۆ بەڕێوەبردنى چەند یارییەکى مۆندیال.
3 کاتژمێر پێش ئێستا