ئەحمەد حاجى ڕەشید: عێراق بۆ دابینکردنى مووچە قەرز لە بانکە ئەهلییەکان دەکات
ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕایگەیاند، بەهۆى نەگەڕانەوەى داهاتى فرۆشى نەوت و کورتهێنان لە داهاتى ناوخۆدا، عێراق بۆ دابینکردنى مووچە پەنا بۆ قەرزى ناوخۆیی لە بانکە ئەهلییەکان دەبات، کە مانگانە پێنج تریلیۆن دینارە، ئەمساڵیش عێراق یاساى بودجەى نابێت.
کورتهێنان لە دابینکردنی مووچەدا دروستبووە
ئەحمەد حاجى ڕەشید، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" عێراق مانگانە یەک ملیار دۆلارى لە فرۆشتنى نەوت دەست دەکەوێت، لەگەڵ داهاتى نانەوتیی نزیکەى دوو تریلیۆن دینارى هەیە، بەمەش کورتهێنانى لە دابینکردنى مووچەدا بۆ دروستبووە.
پارەی فرۆشتنی نەوت درەنگ دەگاتەوە عێراق
ڕاشیگەیاند" عێراق پارەى فرۆشتنى نەوتى مانگەکانى یەک و دووى ئەمساڵى بۆ هاتووەتەوە، بەڵام لەپاش جەنگى ئێران، پارەى فرۆشتنى ئەو نەوتە کەمەى مانگەکانى ئازار و نیسان و ئایارى بۆ نەگەڕاوەتەوە، واتە پارەى گەڕانەوەى فرۆشتنى نەوت 50 بۆ 90 ڕۆژى پێ دەچێت".
چۆنێتی قەرزی بانکەکان بۆ دابینکردنی مووچە
ئاماژەى بەوەشکرد، عێراق تەنیا دوو تریلیۆن دینارى بۆ مووچە لەبەردەستدا دەبێت، ئەوى دیکەى لە بانکە ئەهلییەکانى عێراق قەرز دەکات، بەجۆرێک، بانکى ناوەندیی عێراق قەرز دەداتە بانکە ئەهلییەکانى تى بى ئاى و ڕەشید و ڕافیدەین، ئەوانیش قەرز دەدەنە وەزارەتى دارایی عێراق بۆ دابینکردنى مووچە بە سوودێکى کەم و ماوەیەکى کەم کە لە یەک ساڵ زیاتر نەبێت.
دۆخی ئێستا کاریگەریی لەسەر پرۆژە یاسای بودجە نەبێت
دەربارەى چارەسەرکردنى گرفتى تەرخانکردنى دارایی بۆ مووچە و پێویستییەکان، ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى نوێنەران، ئەوەى ئاشکراکرد، فالح سارى، وەزیرى دارایی عێراق پێى ڕاگەیاندووە، ئەم دۆخە بەردەوام بێت، پڕۆژەیاساى بودجەى 2027یش نابێت و تەنیا پڕۆژەیاسایەک بۆ ئەوە دەنێرن کە ڕێگەیان پێبدەن، تەنیا مووچە خەرج بکەن.
گوتیشى، فالح سارى پێى ڕاگەیاندووە، پڕۆژە بودجەیەک ئامادە ناکات 90% کورتهێنانی هەبێت، کە لەم دۆخەدا هێندە کورتهێنان هەیە، بەڵکو تەنیا پڕۆژەیەک دەنێرنە ئەنجوومەنى نوێنەران، تاوەکو ئەوەى عێراق هەیەتى دابینى بکات بۆ مووچەى مووچەخۆران".
3 کاتژمێر پێش ئێستا