فراکسیۆنى یەکگرتوو لەسەر دیارنەمانى 118 ملیار دینارى بەشەخۆراک سکاڵاى تۆمارکرد
دۆسیەى دیارنەمانى زیاتر لە 118 ملیار دینار پارەى بەشەخۆراک سەریهەڵدایەوە و فراکسیۆنى یەکگرتوو ڕایگەیاند، هەوڵێک هەیە حکومەت ئەو پارەیە لە هاونیشتمانییان وەربگرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە سەردانى داواکارى گشتی کرد و سکاڵایەکى تۆمارکرد.
بڕی پارەکە زیاترە لە 118 ملیار
کاوە عەلى، پەرلەمانتارى یەکگرتوو بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمى کوردستان بڕى 118 ملیار و 207 ملیۆن و 463 هەزار دینار قەرزارى بەغدادیە، ئەوەش ئەو پارەیە لە بەرامبەر پێدانى بەشەخۆراک بە هاونیشتمانییان وەرگیراوە. گوتیشى "پێویستبووە لە ساڵى 2004 تاوەکو ساڵى 2021 بگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد، بەڵام نەگەڕێندراوەتەوە".
هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەسەر گیرفانی هاونیشتمانییان وەربگیرێتەوە
بەگوتەى کاوە عەلى "حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندى پیشانداوە پارەکە بداتەوە بەغداد، بەڵام لەسەر گیرفانى هاونیشتمانییان و مانگانە هەر خێزانێک لە کاتى وەرگرتنى بەشەخۆراکدا بەراورد بەناوچەکانى دیکەى عێراق بڕێک زیاتر پارەى لێوەردەگیرێت".
فراکسیۆنی یەکگرتوو سکاڵای تۆمارکردووە
کاوە عەلى ئاماژەى بەوەکرد بۆچارەسەرى ئەم پرسە و لابردنى ئەو بارگرانییەى لەسەر شانى هاونیشتمانییان، وەکو فراکسیۆنى یەکگرتوو سەردانى داواکارى گشتییان کردووە، سکاڵایان تۆمارکردووە و تێیدا داوایانکردووە، بەدواداچوون بۆ ئەو 118 ملیار دینارە بکرێت بزانرێت چى بەسەرهاتووە، داواکارى گشتیش بەرگرى لە مافى هاونیشتمانییان بکات و کار بۆ ئەوە بکات بڕە پارەیەک لاى حکومەت دیارنەماوە و ئێستا بووەتە قەرز بە هاونیشتمانییان نەدرێتەوە.
کەناڵ8، پەیوەندی بە نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەرى گشتى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى کرد، ئامادەنەبوو لەمبارەیەوە لێدوان بدات و گوتى "وەک وەزارەت لە داهاتوو وەڵاممان دەبێت".
09/06/2026