وردەکاری بێسەروشوێنبوونی کچێکی خەڵکی کەربەلا لە سەرچاوەی زەڵم

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا

گەشتێکی خێزانی لە کەربەلاوە بۆ هەورامان دەگۆڕێت بۆ ڕووداوێکی دڵتەزێن و کچێکی 11 ساڵان لە کاتی وێنەگرتندا لە چەمی زەڵم بێسەروشوێن دەبێت.

وردەکاریی ونبوونی کچەکە

کچەکە ناوی ڕوقییە ڕافیدە و تەمەنی 11 ساڵە، دانیشتووی پارێزگای کەربەلایە. کاتژمێر 5:06 خولەکی دوانیوەڕۆی دوێنێ، لە کاتێکدا لە نزیک سەرچاوەی چەمی زەڵم سەرقاڵی وێنەگرتن بووە، بێسەروشوێن بووە. بەهۆی ئەوەی ئاوی چەمەکە خوڕ و ساردە و بەناو ناوچەیەکی بەردەڵاندا تێدەپەڕێت، گومانی زۆر هەیە کەوتبێتە ناو ئاوەکەوە.

هەوڵەکانی تیمەکانی مەلەوانی

عابدین عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە ڕایگەیاند، تیمەکانی مەلەوانی دوێنێ بۆ ماوەی 5 کاتژمێر بەردەوام بوون لە گەڕان، بەڵام هیچ سۆراغێکی کچەکەیان نەدۆزیوەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە بەیانی ئەمڕۆوە جارێکی دیکە تیمەکان دەستیان بە گەڕان کردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی تەرمی کچەکە.

داخستنی سەیرانگای ئەحمەدئاوا

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەڵەبجە بڕیارێکی نوێی دەرکرد و سەرجەم گەشتیارانی ئاگادار کردەوە کە ئەمڕۆ ڕێگە بە سەردانیکردنی سەیرانگای ئەحمەدئاوا و چەمی زەڵم نادرێت. ئەم بڕیارە بۆ ئەوەیە تیمەکانی فریاگوزاری بەبێ دروستبوونی قەرەباڵغی، بتوانن بەردەوام بن لە گەڕان بەدوای کچە گەشتیارە خنکاوەکەدا.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا