عەباس عێراقچی: زمانەکانی دیکەش دەزانین بەڵام دیپلۆماسییەتمان پێ باشترە

بەهزاد ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن دەچنە قۆناغێکی نوێوە؛ وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە هێزە بیانییەکان و سەرۆکی پەرلەمانیش بە زمانێکی هەڕەشەئامێز پەیام ئاراستەی ئەمریکا دەکات.

ئامادەباشیی هێزە چەکدارەکانی ئێران

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بەردەوام لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە پێشێلکارییەک لە ئاسمان، زەوی و ئاوەکانی ئێراندا. ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران زمانی دیپلۆماسییەت بە باشتر دەزانێت، بەڵام شارەزاییان لە "زمانەکانی دیکەشدا" هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە.

مەترسییەکانی سەر هێزە بیانییەکان

وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، هێزە بیانییەکانی نزیک لە سنوورەکانی ئێران بەردەوام لە مەترسیدان، جا ئەو مەترسییە بەهۆی هەڵەی مرۆیی، ڕووداوی کتوپڕ یان ڕووبەڕووبوونەوە بێت. عێراقچی کشانەوەی ئەو هێزانەی وەک باشترین چارەسەر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان ناوبرد. ئەم قسانە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئێرانی بە خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی ئەمریکی لە نزیک گەرووی هوورمز تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد.

پێگەی یاسایی گەرووی هوورمز

عێراقچی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە گەرووی هوورمز ئاوی نێودەوڵەتی نییە، بەڵکو ڕێڕەوێکی ئاویی هاوبەشە لە نێوان وڵاتی ئێران و عوممان. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ناوچەیە بە هەزاران کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئەمریکاوە دوورە.

هۆشدارییەکەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران

هاوکات محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بە زمانێکی هاوشێوە پەیامی ئاراستەی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر سنوورەکان ببەزێنن، ئێران شێوازی مامەڵەی دەگۆڕێت بۆ ئەو شێوازانەی کە تێیدا شارەزان. قالیباف بە بەکارهێنانی پەندێک ئامۆژگاری ئەمریکای کرد و گوتی: "سواری ئەو ئەسپە ببە کە خۆت زینت کردووە"، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەمریکا بەرپرسیارە لەو دەرەنجامانەی کە ڕووبەڕووی هێزەکانی دەبێتەوە.

بەهزاد ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا