ژمارەی پێوانەیی ترەمپ؛ 38 جار گوتوویەتی لەگەڵ ئێران ڕێکدەکەوین و هیچ ڕووی نەداوە

شێوە عومەر 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا, فۆتۆ: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا, فۆتۆ: AFP

سەرەڕای چەقبەستوویی دانوستانەکان و تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر ئەو وادەیەی بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان دیاریکرابوو، دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە گوتنی ئەوەی کە واشنتن و تاران لە ڕێککەوتن نزیکن.

38 جار دووبارەکردنەوەی یەک پەیام

لەوەتەی لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لانیکەم 38 جار لە بۆنە جیاوازەکاندا ڕایگەیاندووە کە ئێران نزیکە لە ڕێککەوتن. بەگوێرەی شیکارییەکی تۆڕی میدیایی (CNN)، ئەم لێدوانانە لە ڕێگەی پۆستی سۆشیال میدیا، چاوپێکەوتنی گشتی و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانەوە بووە و تێیاندا جەختی کردووەتەوە کە تاران پەرۆشی کۆتاییهێنانە بە بارودۆخەکە.

بەڵێنەکەی 7ـی نیسان و واقیعی ئێستا

لە 7ـی نیسانی ڕابردوودا، ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیبووی کە دانوستانەکان گەیشتوونەتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو و تەنیا پێویستیان بە 2 هەفتەی دیکەیە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە. بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر ئەو وادەیەدا، هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە و سەرۆکی ئەمریکا هێشتا لەسەر هەمان لێدوانی "نزیکین لە ڕێککەوتن" بەردەوامە.

هۆکارەکانی دووبارەکردنەوەی ئەم گوتانە

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی (CNN)، چەند هۆکارێک لە پشت دووبارەکردنەوەی ئەم لێدوانانەی ترەمپەوەن؛ یەکەم، لەوانەیە خۆی بڕوای تەواوی بەوە هەبێت کە ڕێککەوتنەکە دەکرێت. دووەم، هەوڵێکە بۆ دڵنیاکردنەوەی بازاڕە داراییەکان و ڕێگریکردن لە شڵەژانی ئابووری. سێیەم، پێیوایە دووبارەکردنەوەی بەردەوامی ئەم قسانە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع بێتە دی.

دۆخی دانوستانەکان و مەترسییەکانی سەر ئاگربەست

ئەو گفتوگۆ ڕاستەوخۆیانەی کە لە مانگی نیساندا بە نێوەندگیریی وڵاتی پاکستان دەستیانپێکردبوو، لە ئێستادا ڕاگیراون. پەیوەندییەکان تەنیا لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی نامە لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە ماونەتەوە. هاوکات، پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەکان لە ناوچەی کەنداو بووەتە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر تێکدانی ئەو ئاگربەستەی کە لە نێوان لایەنەکاندا هەیە.

شێوە عومەر

3 کاتژمێر پێش ئێستا