سوپای پاسداران: وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکامان دایەوە

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکیک لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران  بۆسەر کوەیت، فۆتۆ: AFP
یەکیک لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆسەر کوەیت، فۆتۆ: AFP

سوپای پاسدارانی ئێران زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمریکا لە بەحرەین، کوەیت و ئوردن ئەنجامدا و ڕایگەیاند کە ئەوە وەڵامێک بووە بۆ بۆردوومانەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی واشنتن.

زیانەکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران

سوپای پاسداران لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 10-06-2026، چەند شوێنێکیان لە شارەکانی جاسک، سیریک و قشم کردووەتە ئامانج. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیان بە تاوەرێکی پەیوەندی لە سیریک و دوو تانکی گەورەی ئاو لە ناوچەی بەمانی گەیشتووە.

بە ئامانجگرتنی کەشتیگەلی پێنجەم و بنکەی عەلی سالم

وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانە، کاتژمێر 2:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزی دەریایی سوپای پاسداران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر مەکۆی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە وڵاتی بەحرەین. هاوکات هێرشێکی دیکەی درۆنی کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی عەلی سالم لە کوەیت و بە ئامانجی پێکانی بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا ئەنجامدراوە.

پێکانی فڕۆکەی F-35 و سەنتەری فەرماندەیی لە ئوردن

لە بەرەیەکی دیکەی وەڵامدانەوەکەدا، هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران بە مووشەکی دوورهاوێژ چوار ئامانجی گرنگی لە بنکەی ئەزرەق لە ئوردن پێکاوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، شوێنی حەوانەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-35 و ناوەندی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی سوپای ئەمریکا لەو بنکەیەدا بە وردی کراونەتە ئامانج و زیانیان پێگەیشتووە.

ئاماری هێرشەکان و خستنەخوارەوەی درۆنی ئەمریکی

سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە بە گشتی 21 ئامانجی جیاوازیان لە بنکە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا پێکاوە. جگە لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان، سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە کە توانیویانە درۆنێکی پێشکەوتووی ئەمریکی لە جۆری MQ-9 لە ئاسمانی شاری جەم بخەنە خوارەوە.

هۆشداری و ئامادەباشیی تەواو

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە کە هێزەکانیان لە دۆخی ئامادەباشی تەواودان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی نوێی ئەگەری. تاران هۆشداری داوەتە واشنتن و ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا بەرپرسیاری یەکەمە لە لێکەوتەکانی هەر دەستدرێژییەکی نوێ کە بکرێتە سەر خاک و سەروەریی ئێران.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا