ڕاپۆرتێکی هەواڵگری هاوکێشەکەی گۆڕی؛ ترەمپ چۆن فەرمانی لێدانی ئێرانی واژۆ کرد؟
پاش وەرگرتنی ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی ورد سەبارەت بە تێکشکاننی کۆپتەرە ئەمریکییەکە، کۆشکی سپی گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ستراتیژیی ئێران هەڵکرد و هاوکێشەی گرژییەکانی گۆڕی.
ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکە کە بڕیارەکەی ترەمپی گۆڕی
لە واشنتن دیمەنە سیاسی و سەربازییەکان بە خێرایی گۆڕان، سەرەتا دۆناڵد ترەمپ بڕوای تەواوی بە وەڵامدانەوەی سەربازی نەبوو، بەڵام پاش ئەوەی وەزیری جەنگ و سەرۆکی ئەرکانی سوپا ڕاپۆرتێکی هەواڵگرییان پێشکەش کرد، هاوکێشەکە گۆڕا. ڕاپۆرتەکە دەریخست کە درۆنێکی ئێرانی لە جۆری "شاهید" ڕاستەوخۆ کۆپتەرێکی ئەمریکی پێکاوە. بۆ واشنتن پێکانی کۆپتەرەکە "هێڵی سوور" بوو، هەر بۆیە ترەمپ لەژێر کاریگەریی ئەو زانیارییانەدا فەرمانی هێرشەکەی واژۆ کرد.
وردەکاریی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆک ترەمپ، زنجیرەیەک هێرشی بەرگری لەخۆکردنیان وەک وەڵامێک بۆ "دەستدرێژییە بێ پاساوەکەی ئێران" ئەنجامداوە. هێرشەکان بە دیاریکراوی شارەکانی بەندەر عەباس، دوورگەی قیشم و ناوچەی سیریکی لەسەر کەناراوەکانی باشووری ئێرانی گرتەوە، کە ئامانج لێی پەکخستنی پێگەکانی ئێران بووە لەسەر گەرووی هوورمز.
زیانەکان و پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکان لە هورمزگان
میدیا فەرمییەکانی ئێران، لەوانەش ئاژانسی "فارس"، دەنگی چەندین تەقینەوەی یەک لەدوای یەکیان لە پارێزگای هورمزگان پشتڕاستکردەوە. تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران دانی بەوەدا نا کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا 2 کۆگای گەورەی ئاویان لە باشووری وڵاتەکە پێکاوە، ئەمەش بووەتە هۆی بڕانی ئاوی خواردنەوە لە ناوچەی "بامانی" نزیک شاری سیریک. هەروەها زیان بە تاوەرێکی پەیوەندی لە ناوچەکە گەیشتووە.
وەڵامدانەوەی ئێران و هەڵوێستی واشنتن
ئێران لە وەڵامی هێرشەکاندا چەندین مووشەک و درۆنی ئاڕاستەی بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. پێگەی "ئەکسیۆس" بڵاویکردەوە کە لانیکەم 4 مووشەکی بالیستی و چەندین درۆن ئاڕاستەی بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرەین، کوێت و ئوردن کراون. بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ "نیویۆرک تایمز" ڕایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئەمریکا زۆربەی مووشەک و درۆنەکانی تێکشکاندووە.
هەڵسەنگاندنی ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکان
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانی واشنتن، هیچ زیانێکی گیانی لە ڕیزەکانی سوپای ئەمریکادا نەبووە و بنکەکانیان زیانیان بەرنەکەوتووە. بەرپرسانی ئەمریکا بانگەشەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان بە توندی ڕەتکردەوە کە ڕایگەیاندبوو 21 ئامانجی ئەمریکییان بە سەرکەوتوویی پێکاوە. واشنتن جەخت دەکاتەوە کە سیستمە بەرگرییەکانیان چالاک بوون و ڕێگرییان لە زیانەکان کردووە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا