تورکیا و سعودیە هەوڵی هێورکردنەوەی تاران دەدەن؛ عێراقچی سوورە لەسەر وەڵامدانەوەی ئەمریکا
وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڕێگەی زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ هاوتا تورک و سعوودییەکەی، پەیامی تاران سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا گەیاند و جەختی لە ئامادەباشیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کردەوە.
پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕایگەیاند کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتنی ئاگربەست و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێرانە. عێراقچی جەختی کردەوە کە تاران مافی تەواوی خۆیەتی وەڵامی هەر جۆرە دەستدرێژی و هێرشێکی سەربازیی واشنتن بداتەوە.
ئاگادارکردنەوەی سعوودیە لە ئامادەباشی هێزەکان
لە پەیوەندییەکی دیکەدا لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە دۆخی ئامادەباشی تەواودان. وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا کە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر هێرشێکی ئەمریکا، وەڵامەکانی ئێران بۆ جارەکانی داهاتوو زۆر توندتر و فراوانتر دەبن.
داواکاریی تورکیا و سعوودیە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە
هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سعوودیە لە میانەی گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ عێراقچی، داوایان لە ئێران کرد دان بەخۆدا بگرێت. هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی گرژییە سەربازییەکان و گرتنەبەری ڕێگەی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کردەوە، بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا