بۆچی لە کۆتایی ڕۆژەکەتدا پەنجەکانت و قولەپێت دەئاوسێن؟
گران جاف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پرسیار: من کەسێکی شەست ساڵم، سەرنجم داوە بەیانیان کە لە خەو هەڵدەستم، پەنجەکانم و قولەپێم ئاسایین، بەڵام لە کۆتایی ڕۆژەکانمدا دەئاوسێن، هۆکاری ئەمە چییە؟
وەڵام: ئەم ئاوسانە بەهۆی کۆبوونەوەی شلەوە دروست دەبێت لە شانەکانی جەستەدا، ئەم حاڵەتە دەکرێت لە هەرکەسێکدا ڕووبدات بەڵام زیاتر لە کەسانی سەروو 65 ساڵدا دەبینرێت.
پێیەکان، قولەپێ و پەنجەکان باوترین ئەو شوێنانەن کە شلە تیایاندا کۆدەبێتەوە، هۆکارەکانی کۆبوونەوەی شلەش ئەمانەن:
- لاوازبوونی زمانەی خوێنهێنەرەکان، بەتایبەتی لە بەشی خوارەوەی قاچەکان و قولەپێدا
- هێزی کێشکردنی زەوی
- هەوکردنی جومگەکان
- ناچالاکبوون و کەمیی جوڵە
- دەرمانە ناستیرۆیدی و دژەهەوکەرەکان وەکو پڕۆفین
- دەرمانە دژەخەمۆکییەکان
- دەرمانە ستیرۆیدەکان
- دەرمانەکانی بەرزەفشاری خوێن
بۆ زۆرینەی خەڵکی، ئەم گرفتە پێویستی بە دڵەڕاوکێ نییە، بەڵام دەشکرێت هۆکارەکەی نەخۆشیی دڵ، گورچیلەکان و خراپیی سووڕی خوێنیش بێت.
هەربۆیە گرنگە لەم کاتانەدا سەردانی پزیشک بکەیت:
- لەگەڵ زیاتربوونی ئاوساوییەکەدا
- ئەگەر ئاوساوییەکە ئازاری بۆ دروستکردیت
- ئەگەر لەگەڵ ئاوساوییەکەدا هەناسەتوندییت لەگەڵ بوو
بەم ڕێگەیانە دەتوانیت گرفتەکەت کەمتر بکەیتەوە:
- جوڵەی زیاتر بکە
- خوێ کەم بکەرەوە
- لەکاتی دانیشتندا قاچەکانت بەرز بکەرەوە
گران جاف
2 کاتژمێر پێش ئێستا