فازڵ نەبی: ئەگەر بەغداد "ئەسیکۆدا" جێبەجێ بکات%90 ـی داهاتی هەرێمی کوردستان دەفەوتێت

کیژان مەحمود 4 کاتژمێر پێش ئێستا
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق هۆشداری لە مەترسییەکی گەورە دەدات لەسەر داهاتی ناوخۆ و قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕایدەگەیەنێت، جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لەلایەن بەغداوە زیانێکی گەورە بە بودجە و دەسەڵاتەکانی هەرێم دەگەیەنێت.

مەترسییەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا

فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، عێراق هەوڵدەدات بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سیستەمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) لە دەروازە و فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئەم کارە لەلایەن بەغداوە بکرێت، ئەوا داهاتی گومرگی، باج و ڕسووماتی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 90٪ کەمدەکاتەوە و داهاتەکان ڕاستەوخۆ دەچنەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵ.

پێشنیار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق جەختی کردەوە کە نابێت حکومەتی هەرێم ڕازی بێت بەوەی بەغدا سیستەمەکە جێبەجێ بکات. لە جیاتی ئەوە، پێویستە هەرێمی کوردستان خۆی هەمان میکانیزمی سیستەمەکە بێنێت و جێبەجێی بکات، پاشان لە ڕێگەی هەماهەنگییەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کارەکانی ڕێکبخات. بە گوتەی ئەو، ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ پاراستنی داهات نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پاراستنی دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی هەرێمەوە.

کاریگەری لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان

فازڵ نەبی هۆشداری دا کە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لەلایەن عێراقەوە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێگە و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەبێت. ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم و پەکخستنی بڕیارە داراییەکانی، چونکە کۆنترۆڵی تەواوی داهات و جووڵەی بازرگانی دەکەوێتە دەست ناوەند.

مامەڵەکردن وەک پارێزگا لە یاسای دارایی 2019

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فازڵ نەبی ڕەخنەی لە یاسای کارگێڕی دارایی ساڵی 2019 گرت و ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەو یاسایەوە لە ئێستادا لە بەغدا وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت. ئەو جەختی کردەوە کە ئەمە "هەڵەیەکی گەورەیە"، چونکە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی فیدراڵییە و نابێت ماف و تایبەتمەندییە داراییەکانی وەک پارێزگایەکی ئاسایی سەیر بکرێن.

کیژان مەحمود

4 کاتژمێر پێش ئێستا