هێمن قادر: هەوڵدەدەین کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین چارەسەر بکەین

جەبار حسین 3 کاتژمێر پێش ئێستا
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر

بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و جەنگی ئێران، نرخی بەنزین لە هەولێر بەرزبووەتەوە و جێگری پارێزگاریش ڕایدەگەیەنێت کە پلانیان هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان و دابینکردنی سووتەمەنی.

کاریگەریی دۆخی ناوچەکە لەسەر وزە

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، جەنگی ئێران و دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و نەرێنی لەسەر نرخی سووتەمەنی و کەمبوونەوەی کارەبا هەبووە. ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دۆخە نێودەوڵەتییە بووەتە هۆی گرانبوونی نرخەکان، بەڵام کار بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی ئەو قەیرانە دەکەن.

بەردەوامیی دابەشکردنی بەنزینی حکومی

سەبارەت بە ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی بەنزین، جێگری پارێزگار ئاماژەی بەوە کرد کە دابەشکردنی بەشە بەنزینی حکومی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێرەوە بەسەر بەنزینخانەکاندا بەردەوام دەبێت. بۆ ئەم مەبەستە، ڕۆژانە ناوی ئەو بەنزینخانانە بۆ هاووڵاتییان بڵاودەکرێتەوە کە بەنزینیان بۆ دابین دەکرێت تاوەکو بە نرخێکی گونجاو دەستیان بکەوێت.

هەماهەنگی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی بازرگانی

هێمن قادر جەختی لەوە کردەوە، لە هەماهەنگییەکی بەردەوامدان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی بازرگانی. ئامانجی ئەم هەوڵانە ئەوەیە کە نرخەکان لە بازاڕدا جێگیر بکرێن و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخ بکرێت کە بارگرانی بۆ شۆفێران دروست کردووە.

جەبار حسین

3 کاتژمێر پێش ئێستا