یاریگاکان بۆ پێشوازیکردن لە مۆندیالی 2026 ئامادەن
مۆندیالی 2026 تەنیا چەند کاتژمێرێکی ماوە، ئەمە گرانترین و گەورەترین مۆندیال دەبێت لە مێژوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشکی شێری بەرکەوتووە لە میوانداریکردنی یارییەکانی مۆندیال، کە بە هاوبەشی لەگەڵ کەنەدا و مەکسیک ڕێکدەخرێت، لە کۆی 16 یاریگای پاڵەوانێتییەکە، 11 یاریگایان دەکەونە ویلایەتەکانەوە.

باشترین و گەورەترین یاریگاکان
ئەم یاریگایانە بە گشتی بۆ یارییەکانی تۆپی پێی ئەمریکی یاخود بۆ خولی ئەمریکی بەکاردێن و خاوەن بەرزترین کوالێتی و نوێترین تەکنەلۆجیان، لە کاتی مۆندیالدا، بەڵێندراوە کە تیمی ئەمنی زۆر ئامادەبن، وەکو ئەوەی هاندەران گلەیی ڕەخنەیان هەبوو لەوەی ئەمریکا سەلامەت نییە، بەتایبەت یاریگاکان زۆر دوورن لە یەکدییەوە، بەڵام فیفا لە نوێترین ڕاپۆرتەکانی دڵنیایدا کە سەرجەم یاریگاکان ئامادەن.
هاوکات ئەوەش خرایە ڕوو، کام یاریگا لە هەمووی گەورەترە و پێشبینی ئامادەبوونی هاندەرێکی زۆری لێدەکرێت، یەکەمیان یاریگای مێتلایفە، ئەکەوێتە ڕۆژئاوای نیویۆرک کە زیاتر لە 82 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت.
پاشان یاریگای دالاس، زیاتر لە 92 هەزار هاندەر ئەگرێت، ئمەش دوای ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی زیادکرا، دواتر یاریگای مێرسیدس بێنز، ئەمەیان 75 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت، دوتار یاریگای سۆفی لە لۆس ئەینجڵس، و یاریگای هارد رۆک لە مەیامی فلۆریدا.
سەرجەم ئەم یاریگایانە پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە گۆڕانکارییان تێدا کراوە، بەتایبەت گۆڕینی چیمەنی دەستکرد بۆ چیمەنی سروشتی لەو یاریگایانەی کە پێویستیان پێبوو، تاوەکو بە تەواوی لەگەڵ پێوەر و یاساکانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ یاخود فیفا بگونجێن.
هاندەران گەرمایان نابێت
هاوکات بەشێکی دیکەی ڕەخنەکانی هاندەران جگە لە نرخی بەرزی خواردن و تکت و هۆتێل و هۆکاری گواستنەوەکان، گەرمی یاریگاکان بوو، چاوەڕێ دەکرێت پلەکانی گەرما بەرزببەنەوە و شێی زۆر دروستببێت، کە لە مۆندیالی یانەکانی ساڵی پار چەندەها هاندەر بورانەوە و تەندروستیان تێکچوو، ئەمجارە لە یاریگاکان سیستمی فێنکەرەوەیان داناوە، لەگەڵ ئەو سیستەمەی ڕێژەی هاڵاو و شێ کەمدەکاتەوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا