ئەنجوومەنی وەزیران داوای پێکهێنان دەستەیەکی باڵا لە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەکات
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، داهاتی ناوخۆ بە ڕێژەی زۆر کەمیکردووە، پێشنیازی هێنانەکایەی دەستەیەکی باڵای وەزاری هاوئاهەنگیی هەمیشەیی لەنێوان هەولێر و بەغداد دەکات، داوا لە کۆمپانیا نەوتییەکانیش دەکات بە زووترین کات دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت بکەن.
دیارترین دۆسییەکانی ناو کۆبوونەوەکە
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، گفتوگۆی لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، داهاتی نانەوتی و جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا و پرسی نەوت کرا.
کەڵاڵەکردنی نەخشە ڕێگایەک
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە گرنگیی گەڵاڵەکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ بەردەوامیدان بە دانوستان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی کرد.
ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران وەزیری سامانە سروشتییەکان و شاندی دانوستانی ڕاسپارد ڕێکارەکان خێراتر بکەن تاوەکو هەر چی زووە لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، بەرزترین ئاستی هەناردەکردن بۆ بازاڕی جیهانی ئەنجام بدرێت و داهاتی بەدەستهاتووش بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ.
پاراستنی ئاسایشی کۆمپانیا نەوتییەکان
ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشی کردەوە، ئەرکی کۆمپانیا نەوتییەکانیە، داوای دڵنیاییدانی حکومەتی فیدڕاڵ بە پاراستنی ئاسایشیی کەرتی نەوت و وزەی هەرێم و قەرەبووکردنەوەی زیانی هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوەکانی کەرتی وزەی هەرێم وەک سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ جەختی لێ کردەوە، کۆمپانیا نەوتییەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دەست بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی بکەنەوە.
تاوتوێکردنی پرسی داهاتی ناوخۆ
تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، باسکردنی پرسی داهاتی ناوخۆ و جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا بوو.
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، داهاتە گشتییەکان لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، بەروارد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
داوایەک لە حکوومەتی فیدراڵی
ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکات، پێداچوونەوەی پێویست بەو 120 ملیار دینار بکات، کە وەک پشکی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتی ناوخۆ دیاری کراوە، چونکە بەهۆی جەگ و یەکلایینەبوونەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا، داهاتی مانگانەی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی زیاتر لە 70% کەمیکردووە.
جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکانی تایبەت بە سیستمی ئەسیکۆدا
سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆداش لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجومەنی وەزاریی فیدڕاڵ بۆ کاروباری ئابووری، ئەو لەیەکترگەیشتنە بەراییە پەسەند، بکات کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لەنێوان هەردوولا تایبەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا