نزیکەی 24 کاتژمێرە کچێک کەوتووەتە ناو ئاوی زەڵمەوە
نزیکەی 24 کاتژمێرە کچێکی بە نەتەوە عەرەب کە تەمەنی 11 ساڵە لە هاوینەهەوارى زەڵم ونبووە و بەڕێوەبەرى بەرگریى شارستانیى هەڵەبجە دەڵێت، کچەکە کەوتووەتە ناو ئاوی زەڵمەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمی مەلەوانی شارەزا بەدوایدا دەگەڕێن.
گومان هەیە لەناو ئەشکەوتێکی ژێر ئاوەکەدا مابێتەوە
عابدین عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى بەرگریى شارستانیى هەڵەبجە بۆ کەناڵ8 باسی لەوەکرد، لەسەرەتای خورماڵەوە بۆ ناو زەڵم دەستکراوە بە گەڕان بەدوای ئەو کچە و گومانیش دەکەن کەوتبێتە ناو ئەشکەوتێکی ژێر ئاوەکە.
30 کارمەندی بەرگری شارستانی سەرقاڵی گەڕانن
ئاماژەی بەوەشکرد، کەرەستەی پێویستیان لەبەردەستە و بەکامێرای تایبەت چاودێری ئاوەکە دەکەن، ئەشکەوت و گۆمی زۆری تێدایە، 30 کارمەندی بەرگریی شارستانی و چوار ئەفسەر ئامادەن بۆ گەڕان بەدوای ئەو کچە گەشتیارە و ڕادەستکردنەوەی بە خێزانەکەی.
ساردی و خوڕی ئاوەکە و بوونی شووشە ئاستەنگی دروستکردووە
هەروەها مەلەوانێکی کە بەشدارە لە گەڕان بەدوای کچەکەدا گوتی "ساردی ئاوەکە و بەخوڕییەکەی ئاستەنگە، هەروەها شووشە و داری زۆری تێدایە ئەوەش وایکردووە گەڕان بەدوایدا قورستر بێت".
کچە بە نەتەوە عەرەبە و خەڵکی کەربەلایە
کچەکە تەمەنی 11 ساڵە و ناوی ڕوقییە ڕافیدە بەنەتەوە عەرەبە و خەڵکی کەربەلایە، ڕۆژی سێشەممە 9ـی حوزەیران لەگەڵ خێزانەکەی بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لە هاوینەهەواری زەڵم کردووە، لە کاتژمێر پێنج و شەش خولەکى دوانیوەڕۆى دوێنێوە دواى ئەوەى لە نزیک سەرچاوەکە وێنەى گرتووە دیارنەماوە، بەگوێرەی دۆزینەوە تاکە نەعلێکی منداڵەکە لەسەر ڕێڕەوی ئاوەکو گومان دەکرێت کەوتبێتە ناو چەمى زەڵمەوە، کە ئاوێکى خوڕ و ساردی هەیە و بەناو بەردەڵاندا دەچێتە خوارەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا