قوباد تاڵەبانی: دەرفەتێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد هاتووەتە ئاراوە

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر کۆبووەوە و تاوتوێی دۆخی سیاسیی هەرێم، عێراق و ناوچەکەیان کرد.

هیوای ئاشتی بۆ ناوچەکە

لە دیدارەکەدا کە ڕۆژی چوارشەممە 10-6-2026 بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی و فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران هیوای خواست دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە ئاکامێکی ئەرێنی کۆتایی بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری و ئاشتییەکی هەمیشەیی بۆ هەموو لایەک.

پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد

سەبارەت بە دۆخی عێراق و حکومەتی نوێ، قوباد تاڵەبانی گەشبینیی خۆی نیشاندا و ڕایگەیاند، ئێستا دەرفەتێکی باش هاتووەتە ئاراوە بۆ ئەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە ڕیشەیی چارەسەر بکرێن. ئەو جەختیکردەوە کە پێویستە هەردوولا لەم قۆناغەدا هەماهەنگیی تەواویان هەبێت بۆ پەرەپێدانی ئابووری و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان.

کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، جەخت لەسەر دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرایەوە. قوباد تاڵەبانی بە پێویستی زانی هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە چەقبەستووەی لە ئارادایە و ڕایگەیاند، دەبێت دانووستانەکانی نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای "هاوبەشیی ڕاستەقینە" دەست پێ بکاتەوە.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا