تورکیا: نەتانیاهوو ناتوانێت بە درۆ بەرپرسیارێتی تاوانەکانی بشارێتەوە
وەڵام و وەڵامکاریی لەنێوان ئەنقەرە و تەلئەڤیڤ لە پاش گوتەکانی ئەمڕۆی ئەردۆغان بەردەوامە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، نەتانیاهوو بە "پسپۆڕى جینۆساید" ناو دەبات.
نەتەنیاهوو هەوڵی چەواشەکردنی ڕایگشتی دەدات
پاش ئەوەی ئەمڕۆ ئەردۆغان هێرشی کردە سەر نەتانیاهوو و ئەویش وەڵامی دایەوە. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیێنراوێکدا گوتى "تۆمەتە بێبنەما، گێچەڵاوى و نادرووستەکانی نەتانیاهوو دژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بریتییە لە هەوڵی ناوبراو و هاوبەشانی لە تاواندا بۆ چەواشەکردنی ڕایگشتی نێودەوڵەتییە".
لێدوانی توند لە دژی نەتانیاهوو
لە ڕاگەیێنراوەکەدا هەروەها هاتووە: "ئەو درۆیانەی نەتانیاهووی پسپۆڕی جینۆساید بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان پەنای بۆ دەبات، ناتوانێت بەرپرسیارێتی ئەو تاوانە قورسانە بشارێتەوە کە کردوونى".
وەزارەتەکە جەختی لەوەشکردووەتەوە، وەک تورکیا، بە ڕوونترین زمان بەردەوام دەبن لە "دەربڕینی ڕاستییەکان سەبارەت بە نەتانیاهوو و هاوکارانی و کارکردن بۆ ئەوەی لەبەردەم دامەزراوە دادوەرییە نێودەوڵەتییەکاندا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت".
2 کاتژمێر پێش ئێستا