کامێراى چاودێرى شوێنى مردنى ئاسۆ مەجید پیشانى لیژنەى مافى مرۆڤ نەدرا
لیژنەیەکى مافى مرۆڤ دوو ڕۆژ سەردانى دامودەزگا ئەمنى و دادى و تەندروستییەکانى هەولێرى کردووە و لێکۆڵینەوەى لە هۆکارى گیانلەدەستدانى ئاسۆ مەجید ناسراو بە حاجى ئاسۆ کردووە، کەناڵ8 زانیویەتى "لە هیچ شوێنێک کامێراى چاودێرى پیشانى لیژنەکە نەدراوە".
لیژنەکە سەردانی دامودەزگا ئەمنی و پزیشکی و دادییەکانی کردووە
مونا یاقۆ، سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤ بە کەناڵ8ى ڕاگەیاند، لیژنەکەیان دوو ڕۆژ لەسەر یەک سەردانى سەرجەم دامودەزگا ئەمنیى، پزیشکى و دادییەکانى پەیوەست بە گیانلەدەستدانى ئاسۆ مەجید کردووە، لیژنەکە زانیارییەکانیان کۆکردووەتەوە و بۆ ڕاى گشتى ئاشکرا دەکەن.
زانیارییەکانی کەناڵ8 لەسەر گیانلەدەستدانی پێشمەرگەکەی پارتی
بەدەر لەم لێدوانە فەرمییە، کەناڵ8 بەدواداچوونى بۆ گیانلەدەستدانى پێشمەرگەکەى پارتى کردووە و ئەم زانیارییانەى دەستکەوتووە..
یەکەم: ئاسۆ مەجید لە بەڕێوەبەرایەتیى نەهێشتنى تاوان لەهەولێر گیانى لەدەستداوە، کە لە بنەڕەتدا نابێت ئەم بەڕێوەبەرایەتییە گرتوخانەى هەبێت و بەڵگو پێویستبوو ئاسۆ مەجید لە بەشى گرتن و گواستنەوە بێت.
دووەم: پزیشکى دادى و پۆلیسى نەهێشتنى تاوان قسەى جیاوازیان کردووە، پزیشکى دادى هەولێر گوتویەتى لە کاتژمێر 12 بۆ کاتژمێر یەک تەرمەکە هێنراوە بۆ توێکارى، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیى نەهێشتنى تاوان گوتویەکى کاتژمێر 2 بۆ 3 گیانى لە دەستداوە.
سێیەم: کاتێک لیژنەکە چووەتە بەشى گرتن و گواستنەوە، گوتویانە ئاسۆ مەجید هێنراوەتە لاى ئێمە بەڵام کاتى گیانلەدەستدانى لاى ئێمە نەبووە.
چوارەم: لە هەرێمى کوردستان سێ جۆر بەندینخانە هەیە، ئەوانیش بەندینخانەى ئاسایش، گرتن و گواستنەوە، چاکسازى، هەموویان کامێراى چاودێرییان هەیە، بەڵام ئاسۆ مەجید لە هیچ کام لەم شوێنانە گیانى لەدەستنەداوە.
پێنجەم: ئەو ماددەیەى کە ئاسۆ مەجیدى پێ تۆمەتبارکراوە پەیوەستە بە ئاسایشى نیشتمانى و دۆسیەکەى پەیوەستە بە ئاسایش بەڵام لە ئاسۆ مەجید نەبراوەتە زیندانى ئاسایش.
شەشەم: ڕووداوێکى هاوشێوە پێشتر لە سلێمانى ڕوویدا و کامێراکانى چاودێرى پیشانى لیژنەى مافى مرۆڤ درا و گومانەکان ڕەوینەوە، بەڵام کامێراى چاودێرى ئەو شوێنەى کە ئاسۆ مەجیدى تێدا گیانى لەدەستداوە پیشانى لیژنەکە نەدراوە.
ئاسۆ مەجید پێشمەرگەى پارتى بوو، بەرپرسە سەربازییەکەى لە سەرەتاى مانگى نیسان ناردیە هەولێر، لە بازگەى دێگەڵە دەستگیرکرا، پاش دوو مانگ بێسەروشوێنبوونى، پەیوەندى بەکەسوکارەکەى کرا کە گوایە لە گرتوخانە لە هەولێر کۆتایی بەژیانى خۆى هێناوە و بڕۆن تەرمەکەى وەربگرنەوە.
کەسوکارەکەى جارێکى دیکە داواى توێکارییان بۆ تەرمەکەى کرد و پاش ئەنجامدانەوەى توێکاریى لە پزیشکى دادى سلێمانى دەرکەوت ئاسۆ مەجید بەر لە گیانلەدەستدانى ئەشکەنجە دراوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا