یاریزانێکی پێشمەرگە دەچێتە کۆریای باشوور

هەرێز جەمال 3 کاتژمێر پێش ئێستا

نزار ئەکرەم، سەرپەرشتیار و ڕاهێنەری تیمی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی پێشمەرگە، دەبێتە یەکەم یاریزانی عێراقی کە بەشداری لە پاڵەوانێتیی جیهانیی گۆڕەپان و مەیدان بۆ تەمەنی سەروو 35 ساڵ دەکات، و بە فەرمی لە پلاتفۆرمی پاڵەوانێتییەکەدا ناوی تۆمار کرا.

نزار ئەکرەم دەڵێت: "لە مێژووی عێراقدا ئەمە یەکەم جارە ناوی وڵاتەکەمان لەم پاڵەوانێتییەدا تۆمار دەکرێت، لە کاتێکدا لە ساڵی 1975ـەوە پاڵەوانێتیی جیهان بۆ تەمەنی سەروو 35 ساڵ بەڕێوە دەچێت و لەو ساڵەدا یەکەمین خول لە وڵاتی کەنەدا بووە."

ناوبراو دەشڵێت: "ئەم پاڵەوانێتییە دوو ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت و لەلایەن ڕێکخراوی جیهانیی ماستەری گۆڕەپان و مەیدان (WMA) بە هەماهەنگی لەگەڵ فیدراسیۆنی جیهانیی گۆڕەپان و مەیدان (World Athletics) سەرپەرشتی دەکرێت. ئەمساڵیش یارییەکان لە مانگی هەشتدا، لە شاری دێگوی کۆریای باشوور بەڕێوە دەچن و 13 ڕۆژ دەخایەنن."

هەرێز جەمال

3 کاتژمێر پێش ئێستا