هەناردەکردنى ئۆتۆمبێلى ژمارە کاتى بۆ ئێران ڕاگیرا

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی نوێ لەسەر بارهەڵگرێکی تایبەت بە گواستنەوەی ئۆتۆمبێل
ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی نوێ لەسەر بارهەڵگرێکی تایبەت بە گواستنەوەی ئۆتۆمبێل

بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی گومرگى هەرێمى کوردستان، هەناردەکردنى ئۆتۆمبێلى ژمارە کاتى بۆ ئێران ڕاگرت، ئەوەش بە ئامانجى ڕێگرى لە بەرزبوونەوەى نرخى ئۆتۆمبێلى ژمارە کاتى و سفر کیلۆمەتر، تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانە هەناردەکرێن کە تۆمارکراون.

بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل

لە گشتاندنێکى بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هاتووە "ئەو ئۆتۆمبێلانەى ژمارە کاتى و سفر کیلۆمەترن، ڕێگەنادرێت هەناردە بکرێن، ئەمەش بەهۆى ڕاگرتنى باڵانسە لە نرخى ئۆتۆمبێل و ڕێگری لە بەرزبوونەوەى زیاترى نرخى ئۆتۆمبێلى سفر کیلۆمەتر و ژمارەى کاتى".

تەنیا ڕێگە بە هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو دەدرێت

گومرگى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوەکردووە، تەنیا رێگە بە هەناردەکردنى ئۆتۆمبێلى تۆمارکراو دەدرێت و تابلۆى ئۆتۆمبێلەکە دەدرێتەوە خاوەنەکەى و هەموو مۆدێلێک ڕێگە بەهەناردەکردنى دەدرێت.

ڕێوشوێنی هەناردەکردنی تۆتۆمبێل

بەگوێرەى گشتاندنەکە، گومرگى هەناردەکردنى ئۆتۆمبێل لە 2% بۆ 5% زیادکراوە ئەو ئۆتۆمبێلەش کە هەناردە دەکرێت مامەڵەى سڕینەوەى تابلۆى بۆ دەردەکرێت و لەماوەى 24 کاتژمێر پاش سڕینەوەى تابلۆکەى دەبێت هەناردە بکرێت.

لە 15ـی مانگەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە

ئەم بڕیارە  لە 15ـى مانگەوە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. بەڕێوەبەرایەتیى گومرگ دەشڵێت "ڕێگە بەکۆمپانیاى تایبەتمەند دەدرێت ئۆتۆمبێل هەناردە بکات و دەرگاى تۆمارکردنى کۆمپانیاى نوێ بۆ ئەو مەبەستە کراوەیە".

لە دواى هێرشى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـى شوباتەوە، هەناردەى ئۆتۆمبێلى کاتى و سفر کیلۆمەتر بۆ ئێران زیادیکردووە، بەو هۆیەوە نرخى هەر ئۆتۆمبێلێک نزیکەى لە 10% بەرزبووەوە.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا