داودئۆغڵو بۆ کەناڵ8: بۆ تورکیا ئاسایشی هەرێمی کوردستان هێندەی ئاسایشی خۆی گرنگە
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵ8 کە لەلایەن کاوان سەلامییەوە پێشکەشکرا دەڵێت، ئاسایشی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و زاخۆ، بۆ تورکیا جێگەی بایەخ بووە، نەبوونی هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان و بەرقەراربوونی خۆشگوزەرانی و ئاشتی تێیدا، بۆ تورکیا هێندەی ئاسایشی خۆی گرنگە.
داودئۆغڵو کە لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتییە و ماوەیەکیش سەرۆکی ئەو پارتە بووە، باس لە دۆستایەتیی خۆی و مام جەلال دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، مام جەلال ڕۆڵێکی گەورەی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان دەگێڕا.
تورکیا ڕۆڵی گەورەی لە وەبەرهێنان لە سلێمانیدا دەبێت
لەبارەی ئایندەی سلێمانی، داودئۆغڵو باس لەوە دەکات، "ئەوەی کە لە قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانییەوە بیستم لەبارەی گەشەپێدان، تورکیا ڕۆڵی گەورەی لە وەبەرهێنان لە سلێمانیدا دەبێت. پێویستە هەموومان پێکەوە گەشە بکەین."
داودئۆغڵو لەبارەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەڵێت، پێویستە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە چوارچێوەی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ئازاد بکرێت. پێویستە دەمیرتاش و هیچ سیاسەتمەدارێکی دیکە لە زینداندا نەبن، چونکە شوێنی ئەوان کایەی سیاسییە، نەک زیندان.
داودئۆغڵو باس لە مافەکانی کورد دەکات و دەڵێت، "من هەمیشە گوتوومە من تورکمانم و داکۆکیکردن لە مافی کورد ئەرکی منە. من کە سووننیم، داکۆکیکردن لە مافی شیعە و عەلەوییەکان ئەرکی منە. لەبەرئەوەشە کورد لە تورکیا من بە سەرۆک ئەحمەد بانگ دەکەن."
ئەحمەد دادوئۆغڵو لە کۆتایی دیمانەکەیدا گوتی، "دەمەوێت میراتییەک بەجێبهێڵم کە بڵێم؛ ئاشتیم بۆ کورد، تورک، عەرەب و فارس بەرپا کرد."
تەواوی دیمانەکەی کەناڵ8 لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە؛
کەناڵ8: دەمانەوێت یەکەم پرسیار لەوەوە دەستپێبکەین، جەنابت لە کۆنفرانسی دێڵفی لە سلێمانی، باسی ئەوەت کرد کە ئاسایش و ئارامیی تورکیا، بەندە بە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئایا ئەمە گۆڕانکارییە لە ستراتیجی ئەمنییەوە بۆ ستراتیجی هاوبەشیپێکردن؟
گرنگی سەقامگیری هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا
ئەحمەد داودئۆغڵو: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکی وایە کە ئەگەر یەک بە یەکی وڵاتان لە ئاسایشدا بن، هەمووان لە ئاسایشدا دەبن. ناکرێت چەند وڵاتێکی ناوچەکە لە ئاسایشدا بن و ئەوانی دیکە ئاسایشیان نەبێت. ئەگەر لە عێراق ئاسایش پارێزراو بێت، تورکیا هەست بە ئاسایش و پارێزراویی خۆی دەکات. ئەگەر ئاسایشی تورکیا پارێزراو نەبێت، عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە ئاسایشدا نابن. عێراق دۆخێکی تایبەتی لەو شێوەیەی هەیە، من هەمیشە باسم لەوە کردووە، عێراق ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بچووکە، سەرجەم گرووپە نەژادی و مەزهەبییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر لە سووننی، شیعە، عەرەب، کورد، تورکمان، کریستییانەکان، سەرجەمیان پێکەوە دەژین، لەبەرەئەوە ئاشتییەکی بونیادنراو لە عێراقدا کاریگەریی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت. هاوکات پێکدادانی ناوخۆیی لە عێراق، ڕەنگدانەوەی لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت. لە سەردەمی دوورودرێژی شەڕە ناوخۆییەکان لەنێوان سوننە و شیعە، دەزانین گرژییەکان گەیشتنە کوێ. هەرێمی کوردستان لێرەدا خاوەنی دۆخێکی تایبەتترە. بەهۆی ئەو پەیوەندییانەی کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا پەرەی پێداوە، بۆ ئێمە کوردستان دەروازەیەکە بەرەو عێراق، لە دێر زەمانەوە، ئاسایشی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و زاخۆ، هەمیشە بۆ ئێمە جێگەی بایەخ بووە، نەبوونی هەڕەشەی تیرۆر لێرە و بەرقەراربوونی خۆشگوزەرانی و ئاشتی تێیدا، بۆ تورکیا هێندەی ئاسایشی خۆی گرنگە. لەبەرئەوەی ئاسایشی ئێمە لە سنوورەکانی تورکیاوە دەستپێناکات، بەڵکو لە باشووری سنوورەکامانەوە دەستپێدەکات. بەتایبەتی پاش جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، عێراق لە ڕووی ستراتیجییەوە دەبێتە گرنگترین وڵاتی ناوچەکە. لەنێو عێراقیشدا هەرێمی کوردستان لەنێو پشتێنەی سەرجەم ئەو ڕووداوە ستراتیجییانەدایە. لەبەرئەوە هەرێمی کوردستان خاوەنی پێگەیەکی ئێجگار هەستیارە. تورکیا هەمیشە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، وەک سەقامگیریی لەپێشینەی خۆی تەماشا دەکات.
کەناڵ8: بافڵ جەلال تاڵەبانی هەوڵ بۆ هێنانەئارای هاوسەنگیی هێز دەدات، ئەگەر ئەو هاوسەنگییە بێتەئارا، بۆچوونت وایە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا دەچێتە چ قۆناغێکەوە؟
مام جەلال ڕۆڵێکی گەورەی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان دەگێڕا
ئەحمەد داودئۆغڵو: لەگەڵ خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی دۆستایەتییەکی زۆر نزیکمان هەبوو. لە هەستیارترین ساتەکاندا کاتێک کە قەیرانێک دروستدەبوو، لە عێراق بێت یان قەیرانێکی پەیوەندیدار بە تورکیا، من دەچوومە بەغداد و لەگەڵ جەنابیان کۆدەبوومەوە. لە ڕاستیدا چەقی ڕوانگەی ئەو بۆ ناوچەکە و تورکیاش بریتی بوو لە ئاشتی. لە کاتی قەیرانەکاندا، ڕۆڵێکی گەورەی دەگێڕا. تورکیا بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ جیاکارییەک، خوازیارە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا، ڕۆڵی هەبێت لەوەی ئەو دوو پارتە پێکەوە، پشتێنەیەکی سەقامگیریی دروستبکەن. لە سەردەمی منیشدا، لەگەڵ هەردوو بەڕێزان کاک مەسعود و مام جەلالیش، پەیوەندییەکی زۆر نزیکمان هەبوو، ئەمانە پەیوەندی متمانەئامێز بوون. لەو سەردەمەشدا هیچ کاتێک، جیاکارییمان لەنێوان یەکێتی و پارتیدا نەکردووە. کورد لە عێراق سەردەمانێکی پڕ لە سەختی تێپەڕاند. پاش ئەو سەختییانە و پاش خەباتێکی دوورودرێژ، لە ڕێگەی بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانەوە، دەستیان بە بونیادنانی هەرێمەکەی خۆیان کرد. ئێستا لەو چوارچێوەیەدا هەرچی زوو پێویستە کابینەی حکومەت پێکبهێنرێت. ئەوەی بۆ ئێمە زۆر گرنگە، هەریەک لە هەولێر و سلێمانی پێکەوە و لەنێو پرۆژەیەکی گەشەپێداندا جێگە بگرن. کاتێک ساڵی پار هاتم بۆ ئێرە، گەشتە ئاسمانییەکان لە تورکیاوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگیرابوون. پاش ئەوەی ئەم بابەتەم بۆ باسکرا، چوومەوە و لە تورکیا باسم کرد. پاش ماوەیەک گەشتە ئاسمانییەکان دەستیان پێکردەوە. بەهۆی جەنگەکەوە بۆ ماوەیەک ڕاگیرایەوە، بەڵام لە 15ـی حوزەیراندا، جارێکی دیکە دەستپێدەکاتەوە. من هەمیشە داکۆکیم لەوە کردووە پێویستە تورکیا هانی یەکگرتوویی و پێکەوەیی لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا بدات. تورکیا هەمیشە خوازیاری پەیوەندییەکی نزیکە لەنێوان پارتی و یەکێتی. ئەمڕۆش دنیابینی خوالێخۆشبوو تاڵەبانی کار دەکات و دیسانەوە هەر لەو چوارچێوەیەدا، بوونی پارێزگارێکی تورکمان لە بنەڕەتدا پەیامێکی گرنگە، پەیامێکە بە ئاڕاستەی هاندانی برایەتی، ئارامی و ئاشتی. ئێمە هەمیشە خوازیارین لە تەواوی هەرێمی کوردستان ئاشتی و خۆشگوزەرانی هەبێت و هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی باش بن. منیش هەموو کاتێک کە هاتووم بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کاک مەسعود و مام جەلال و ئێستاش ئەمڕۆ لێرەم و دوێنێش لە ئێوارە خوانێکدا لەگەڵ برایانم بافڵ تاڵەبانی و قوباد بووم. ئەمڕۆش یەکشەممە دیسان کۆدەبینەوە. دواتر دەچمە هەولێر و لەگەڵ کاک مەسعود، بەڕێزان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کۆدەبمەوە. ئارامیی ئێرە بۆ تورکیا ئێجگار چارەنووسسازە.
کەناڵ8: لە کتێبی قوڵایی ستراتیجیدا باستان لە سفرکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە کرد، ئایا ئەمڕۆ لە تورکیا و سیاسەتە دەرەکییەکەیدا، تاوەکو چەند ئەو بۆچوونانەی ئێوە جێبەجێکراوە و ڕەنگدانەوەی هەیە؟
لەم ناوچەیەدا کورد پێکهاتەیەکی هێجگار ڕەسەنە
ئەحمەد داودئۆغڵو: کاتێک کتێبی قوڵایی ستراتیجیم نووسی، تورکیا لە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا لە کێشە و گرفتدا بوو. وەک پرەنسیپێک بۆ تێپەڕاندنی ئەم گرفتانە سفر کێشەم لەگەڵ دراوسێکان خستە بەرباس. لەگەڵ ئەوانیشدا لەگەڵ عێراقیش کێشەمان هەبوو، بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی کات، چووینە قۆناغێکی ئەوتۆوە کە تورکیا لەگەڵ سەرجەم دراوسێکانیدا، پەیوەندیی زۆر جددی دامەزراند. باشترینیان و گشتگیرترینییانمان لەگەڵ عێراق دامەزراند. لە ساڵی 2008ـدا، لە لەنێوان ئێمە و عێراقدا و بەتایبەتی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کوردستان کێشە و گرفتمان هەبوو، من لە مانگی شووباتی 2008ـدا چوومە بەغداد و لەگەڵ مام جەلال لە میانی خوانێکدا کۆبووینەوە و دواتریش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیمان کرد. هاوکات وەک سەرۆککۆمار لە تورکیا پێشوازیمان لە مام جەلال کرد و لە ڕێگەی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیی حکومەتەکانی هەردوولامان، کە ئەو کاتە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکرد، لە یەک ڕۆژدا 51 ڕێککەوتنمان واژۆ کرد. ئەوە ڕوانگەی من بوو. ئەو سیاسەتانەشی لە ئێستادا حکومەتی تورکیا پەیڕەوی دەکات، بەردەوامیی ئەو ڕوانگەیەیە. ڕەنگە هەندێک جیاوازیی بچووک هەبێت، بەڵام بەتایبەتی لەبارەی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، ئەوە دەبینرێت کە هەمان هەستیاریی لەبەرچاو گیراوە. ئەوەی کە پێویستە لە بنەڕەتدا جێبەجێی بکەین و من لە کتێبی قوڵایی ستراتیجیدا خستوومەتە بەر باس، جێبەجێکردنی یەکێتیی میزۆپۆتامیایە لەنێوان تورکیا، عێراق و سووریادا، هەماهەنگیی ئابووریی پەرەپێبدەین و پشتێنەیەکی ئابووریی پەرە پێبدەین، چونکە ناوچەی میزۆپۆتامیا بە باکوور و باشوورییەوە، بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایەوە لە بنەڕەتدا یەک پارچەیە. 100 ساڵ لەمەو پێش لەڕێگەی سنوورەکانەوە جیاکراونەتەوە، بەڵام لەڕووی مێژوویی و کولتوریشەوە، یەک پارچەن. لەم ناوچەیەدا کورد پێکهاتەیەکی هێجگار ڕەسەنە. پێویستە ڕۆڵمان هەبێت لەوەی کە، کورد، تورک و عەرەب لە میزۆپۆتامیا پێکەوە ئایندە بونیاد بنێین. کاتێک کە پشت بە خودا ئەم یەکێتییەی میزۆپۆتامیا بەدیهات، لە بەسرەوە بۆ ئامەد و ئیستانبوڵ، لە هەولێر و سلێمانییەوە تاوەکو ئەنقەرە، لە موسڵ و حەلەبەوە تاوەکو دەریای سپی ناوەڕاست، پانتاییەکی فراوان پێکدێت، هەموومان لە جیاتی پێکدادان و حساباتی بچووک، پێویستە بە ڕوانگەیەکی فراوانەوە بڕوانین و بناغەی یەکێتییەکی لەو شێوەیە لە ناوچەکە دابنێین. پایەی دووەمی ئەمە هەماهەنگییە لە ناوچەی شام کە هەریەک لە سووریا، تورکیا، ئوردن و لوبنان دەگرێتەوە. ئەگەر بتوانین لەمانەدا سەرکەوتوو بین، دەتوانین لەڕێگەی گەشەپێدانیی ئابوورییەوە، ئاشتیش بونیاد بنێین. لەبەرئەوە ڕەهەندێکی دیکەی قوڵایی ستراتیجیی و بنەمای سفر کێشە لەگەڵ دراوسێکان، پابەندیی دوولایەنیی ئابوورییە. واتە ئێمە چەندێک لەڕووی ئابوورییەوە ئاوێتەی یەکدیی بین، ئەوەندە سەرکەوتوو دەبین. ئەمڕۆ کاتێک تەماشای ناوچەکە دەکەین؛ موسڵ ناوەندی ویلایەت و شارێکی گەورە بوو، کەرکووک سەرچاوەی زۆر بەهێزی ئابووریی هەیە، بەڵام ئەمڕۆ هەولێر و سلێمانی بەراورد بە موسڵ و کەرکوک، زۆر خێراتر گەشەیان کردووە. سەرەکیترین هۆکاری ئەمەش، دامەزراندنی پەیوەندییە ئابوورییەکانە لەگەڵ تورکیا. پەیوەندییە باشەکان و وەبەرهێنەرانی تورکیا لە گەشەکردنی هەولێردا کاریگەرییەکی گەورەیان هەبووە، بەتایبەتی لە کەرتی بیناسازیدا. دڵنیام لەبارەی سلێمانیشەوە ئەوەی کە لە قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانییەوە بیستم لەبارەی گەشەپێدان، تورکیا ڕۆڵی گەورەی لە وەبەرهێنان لە شارەکەدا دەبێت. پێویستە هەموومان پێکەوە گەشە بکەین، کاتێک کە دراوسێکەت هەژارە، دەوڵەمەندیی تۆ هیچ مانایەکی نییە، کاتێکیش کە دراوسێکەت دەوڵەمەند دەبێت، هەموو پێکەوە بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو دەنێین. لەو چوارچێوەیەشدا ئامانجی سەرەکیی کتێبی قوڵایی ستراتیجی، بریتییە لە دابەزاندنی کێشەکان بۆ سفر و بەرزکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان بۆ لوتکە، هاوکات بەرزکردنەوەی بەرژەوەدنییە هاوبەشەکان بۆ ئەوپەڕی، هەروەها پێکەوە جێبەجێکردنی ڕوانگە و چارەنووسی هاوبەش.
کەناڵ8: وەک دەزانن دادگای مافەکانی مرۆڤ لە ئەورووپا بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاشی داوە، بەڵام تورکیا ئەو بڕیارەی جێبەجێنەکردووە، بە بۆچوونی ئێوە ئازادنەکردنی دەمیرتاش تاوەکو چەند کاریگەریی نەرێنیی لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەبێت؟ بە بۆچوونى جەنابتان دەمیرتاش و پارتی دەم چۆن دەتوانن ڕۆڵ لە پرۆسەکەدا ببینن؟
پێویستە سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێت
ئەحمەد داودئۆغڵو: پێش هەموو شتێک با باس لەوە بکەم لە ژیانی ئەکادیمی و سیاسیشمدا، هەوڵی زۆرم داوە بۆ ئەوەی تورک و کورد پێکەوە بن و هەمووانیش ئەمە دەزانن. لە ساڵانی نەوەدەکان لە تورکیا، لەبارەی قسەکردن بە زمانی کوردی و سودمەندبوونی کورد لە تەواوی مافە مرۆییەکان، هەمیشە پێشەنگ و داکۆکیکار بووم. پێویستە لە تورکیا هەموو هاوڵاتییان خاوەنی مافی یەکسان بن، لە میانی ئەرکە سیاسییەکانیشمدا و لە هەموو قۆناغێکدا پشتیوانییم لە پرۆسەی چارەسەری کردووە. تورک و کورد بە درێژایی مێژوو پێکەوە ژیاون. کە دەڵێم کورد مەبەستم تەنیا کورد لە تورکیا نییە، بەڵکو کورد لە هەرێمی کوردستانیشە، ئێمە بە درێژایی مێژوو پێکەوە ژیاوین. لەبەرئەوە من لە ڕابردوودا بایەخێکی زۆرم بەم پەیوەندییانە داوە. پەیوەندیم لەگەڵ تەواوی سیاسەتمەدارانی کورد کە کاری سیاسییان کردووە هەبووە، لە سەروویانەوە لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش. لە ساڵانی 2013، 2014 و 2015ـدا دەمانتوانی لە پرۆسەکەدا سەرکەوتوو بین، بەڵام هەلومەرج و بارودۆخی ئەو کاتەی ناوچەکە یارمەتیدەر نەبوو. بڵاوبوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر تاوەکو کاتێکی دیار، کاریگەریی خۆی لەسەر پرۆسەکە هەبوو. لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کە ئێستا بەڕێوەدەچێت، پشتیوانیی خۆمم بۆ دەربڕی. لایەنی باشی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە، بەڕێز دەوڵەت باخچەلی کە لە پرۆسەکانی پێشوودا دژایەتیی دەکرد، پرۆسەکەی دەستپێکردووە. ئێستا ڕێگەیەکی دوورمان بڕیوە و پێویستە هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش بچین. باوەڕم وایە پێویستە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە چوارچێوەی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ئازاد بکرێت. پێویستە سەڵاحەدین دەمیرتاش و هیچ سیاسەتمەدارێکی دیکە لە زینداندا نەبن. شوێنی ئەوان کایەی سیاسییە، ئەوانیش دەبێت لە چوارچێوەی شیرازەی یاسایی لە تورکیادا، کاتێک بە ئازادانە سیاسەت دەکەن، کەشی کۆمەڵایەتیی لەبەرچاو بگرن. پارتی دەم دەتوانێت لەو بارەیەوە ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت. بە بەردەوامیی پەیوەندیم لەگەڵ تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی ئێستای پارتەکە هەیە. لە بنەڕەتدا لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان پەیوەندیم هەیە. ڕاوێژ لەگەڵ هەموویان دەکەم، گەیشتووینەتە قۆناغێکی زۆر باش. بەرلەوەی بێم بۆ ئێرەش ڕاوێژی زۆرمان کردووە. ئێستا ژمارەیەک هەمواری یاسایی ئەنجام دەدرێت، لەڕێگەی ئەو هەمووارە یاساییانەوە، ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە لە هیج تاوانێک تێوەنەگلاون، ڕووبەرێکی دیاریکراو دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی تێکەڵاوی کۆمەڵگە ببنەوە، هاوکات لەگەڵ هەموارە یاساییەکاندا، قۆناغێکی نوێ لەگەڵ داماڵرانی تەواوتیی پەکەکە لە چەک دەستپێدەکات. ئەو کاتە سیاسەتکردنی پارتی دەم وەک بەشێک لە سیاسەتی دیموکراتی و بە سوودمەندبوون لە تەواوی مافەکان، دروستترین ڕێگە دەبێت. پارتی دەم دەتوانێت ڕۆڵی گرنگی هەبێت. ئەو پەیامانەی ئۆجەلان لە ئیمراڵییەوە دەیاندات، پێویستە لەلایەن پارتی دەمەوە، بەشێوەیەکی هاوتەریب لە ئەنقەرە جێبەجێبکرێن. بڵاوکردنەوەی پەیامی ئەرێنیی لەلایەن دەمیرتاشەوە لە ئەدیرنەوە، هەروەها بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیلەوە، هەموو پێکەوە دەبنە هۆی خێراکردنی پرۆسەکە. هەمیشە گووتەمە کاتیک لە ڕووبارێک تیژڕەو دەپەڕیتەوە، کاتێک کە دەگەیتە نیوە، گەڕانەوەت مەحاڵ دەبێت. ئێستا ئێمە نیوەی ڕێگەکەمان بڕیوە. نابێت هیچ کەس بیر لە گەڕانەوە و پاشگەزبوونەوە بکاتەوە. پێویستە دەستبەجێ لەگەڵ ئەوەی چاومان لەسەر ئامانجەکانە، ئەم پرۆسەیە سەربخەین، داکۆکیکردن لە مافی کورد لە تورکیا مافی هەموومانە. من هەمیشە گوتوومە من تورکمانم و داکیکۆکردن لە مافی کورد ئەرکی منە. من کە سووننیم، داکۆکیکردن لە مافی شیعە و عەلەوییەکان ئەرکی منە. لەبەرئەوەشە کورد لە تورکیا من بە سەرۆک ئەحمەد بانگ دەکەن، ئەوەش بەهۆی ڕێزی خۆیان. لە ڕابردوودا بەڕێز باخچەلی ڕەخنەی لە من دەگرت بەوەی پێم دەگوترێت سەرۆک ئەحمەد. منیش دەمگوت سەرسەر و سەرچاو. ئەوەی کە ئەمڕۆ باخچەلیش بەو شێوەیە بیر دەکاتەوە گرنگە، ئەرکی هەموومانە دەست لەناو دەست، تورکیا وەک وڵاتی نموونەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێبکەین، وڵاتێک کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان، بە زمان و کولتوری خۆیانەوە بە ئازادانە دەژین و ئازادانە بەکاری دەهێنن. ئەو وڵاتە بە تەواوەتی لە تیرۆر داماڵراوە و مافی مرۆڤ بەشێوەیەکی ئازادانە پەیڕەو دەکرێت. کاتێک ئەم پرۆسەیە دەستیپێکرد، هاتمە کۆنفرانسێک لە دهۆک و کاتێک کە گەڕامەوە بۆ تورکیا، نامەم بۆ بەڕێزان ئەردۆغان و باخچەلی نووسی و گوتم با تەنیا نەڵێین، تورکیای بێ تیرۆر و بڵیێن ناوچەی بێ تیرۆر. بڵێین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بێ تیرۆر، چونکە ئەگەر ئێمە لە تیرۆریش دابماڵرێین، بەڵام برایانی کوردمان لە ئاسایشدا نەبن، ئێمەش لە ئاسایشدا نابین. ئەگەر برایانی سووننە و شیعە لە عێراق لە ئاسایشدا نەبن، ئێمەش لە ئاسایشدا نابین. پاش ئەم جەنگەی ئێران و لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، پێویستە کەسانی ژیر لە ناوچەکە، تەواوی کەسایەتییە خاوەن ڕوانگەکان لە ناوچەکە لە کورد، تورک، عەرەب یان ئێرانی، هەموو پێکەوە ئایندەی هاوبەشیان بونیاد بنێن. من لە تورکیا بەردەوام دەبم لە پشتیوانیکردنی پرۆسەکە، بۆ ئەوەشی بە زووترین کات بگاتە ئەنجام، لەگەڵ پارتی دەم و کاراکتەرە سیاسییەکانی دیکەدا، کەی پێویست بێت و لەگەڵیان کۆدەبمەوە. پێویستە لە ڕێگەی لەبیرکردنی ئازارەکانی کورد و تورک لە ڕابردوودا، ڕژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بونیاد بنرێت، ئەمەش ئەرکی بنەڕەتییی هەموومانە.
کەناڵ8: هەندێک شیکەرەوە دەڵێن؛ پرۆسەی ئاشتی تاکتیکی دەسەڵاتە و نەبووەتە ستراتیج، هەڵسەنگاندنی بەڕێزتان لەو بارەیەوە چییە؟
پێویستە کات بەفیڕۆ نەدرێت
ئەحمەد داودئۆغڵو: کاک کاوان، پێویستە هەموومان زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکەین. من ناتوانم بە ناوی ئاکپارتییەوە قسە بکەم، ناتوانم بە ناوی حکومەتیشەوە قسە بکەم، چونکە من ئێستا لەناو ئاکپارتیدا نیم، ڕاستە ماوەیەک سەرۆکی ئاکپارتی بووم، بەڵام ئێستا پۆست و ئەرکێکی فەرمیم نییە لەناو حکومەتدا، بۆیە بە دروستی نازانم بە ناوی ئەوانەوە قسە بکەم، بەڵام با ئەوە بڵێم؛ من هەمیشە بە چاوێکی ستراتیجییەوە تەماشای ئەم پرۆسەیە و هەموو پرۆسەکانی پێشووتریشم کردوو، کار و هەڵمەتە تەکتیکییەکان پاش ماوەیەک ئاوێتەی ستراتیج نەبێت، زیان لە هەموو لایەک دەدات. ئەو ڕوونکردنەوە و پەیامانەی لە ئاکپارتی و حکومەتەوە دێن، بەو ئاڕاستەیەن، واتە، بەو ئاڕاستەیە کە بەشێوەیەکی ستراتیجی کار لەسەر پرۆسەکە دەکەن. خوازیارین هەموو بەرپرسانی تورکیا، لە سەرووی هەموویانەوە بەڕێز ئەردۆغان، بە ڕووانگە و ڕێبازیکی ستراتیجییەوە کار لەسەر پرۆسەکە بکەن و بەردەوامبن لەسەری. بەو جۆرەش ئەو گومانانەی لەو بارەیەوە هەن، دەڕەوێنەوە. دەمەوێت بە ڕوونی بڵێم؛ ئەگەر دەسەڵاتم هەبووایە یان بە چالاکی لەناو ئەم پرۆسەیەدا بووایەم، بە ڕاستم دەزانی کە ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا پرۆسەکە سەربخرایە. پێویستە کات بەفیڕۆ نەدرێت. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکی وایە، لە کاتێکدا تۆ دەڵێیت کاتم بەدەستهێناوە، کات تۆ لە سەختیدا بەجێدەهێڵێت.
کەناڵ8: کامیان خەریکن کات لەدەستدەدەن؟ پەکەکە یان تورکیا؟
پێویستە چیاکان بکرێنە چیای ئاشتی
ئەحمەد داودئۆغڵو: هەمووان کات لەدەستدەدەن، هیچ کەس و لایەکمان بەرگەی لەدەستدانی کات ناگرین. پێویستە هەرچی زووە پرۆسەکە بگەیێنرێتە پایان. تەماشا بکەن پاش ئەوەی پرۆسەکە دەستیپێکرد، لە غەززە کۆمەڵکوژییەک ڕوویدا و دوو جەنگی گەورەشمان بینی، ئەگەر سبەینێ جارێکی دیکە جەنگێک هەڵبگیرسێت، جیهانێکی نوێ بۆ هەمووان دێتەئاراوە. پێغەمبەری ئیسلام درودی خوای لەسەر بێت، فەرموودەیەکی زۆر بەنرخی هەیە و دەفەرموێت لە کارە خێرەکانتاندا دەستوبرد بکەن. ئەگەر ئاشتی بەرقەرار ببێت، ئەگەر ئازارەکانی ڕابردوو لەبیر بکرێن، ئەگەر جارێکی دیکە لە ناوچەکە هیچ دایکێک بۆ سووتانی جەرگی نەگری، کەواتە ئەگەر کارێکی خێر بکەین، پێویستە هەرچی زووە بگەیەنینە ئەنجام. پێویستە لەسەر پەکەکەش، دەستی دەستی بە کارەکە نەکات و دوای نەخات، پێویستە هەرچی زووە چەکەکانی دابنێت. کاتێک لە ئەنقەرە هەنگاوی یاسایی دەهاوێژرێت، پێویستە پەکەکەش بە تەواوەتی لە چەک دابماڵرێت. لێرەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی و برایانمان لە هەولێر و سلێمانی، ئەرکی گەروەیان دەکەوێتە سەر. پێویستە هانی پرۆسەکە بدەن و لە هەرێمی کوردستان سەدان گوند، بەهۆی تیرۆرەوە دابڕێنراون. پێویستە چیاکان بکرێنە چیای ئاشتی، بکرێنە چیاگەلێک کە گەشتیاران لە تورکیا و سەرانسەری جیهانەوە بێن و بە ئاسودەیی پێیدا بگەڕێن. ئەمە بە مانای ئەوەیە کە تەنیا لە تورکیا تیرۆر لەناونەبرێت، بەڵکو لە هەرێمی کوردستانیش تیرۆر لەناو ببرێت، ئەوەش لە بەرژەوەندی هەمووانە. لەو بارەیەشەوە پێویستە پەکەکە کارەکە دوانەخات. لە پرۆسەی 2013-2015ـدا دوو هۆکار پرۆسەکەیان پەکخست. یەکەمیان؛ پێشهاتەکانی سووریا. دووەمیان؛ ئەوە بوو کە هەمووان یارییان بە کات دەکرد.
ئێستا پێویستە هەمووان ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکەن کە دەکەوێتە سەرشانیان و پرۆسەکە بەئەنجام بگەیەنن. ئێستا سەردەمی ئەوەیە کە ناچارمان دەکات، بە بەرپرسیارییەتییەوە مامەڵە بکەین. ئەوەندەی من دەیبینم سازانێکی لەو شێوەیە لە تورکیا هەیە و پێویستە ئەم سازانە بەئەنجام بگەیەنرێت.
کەناڵ8: بەڕێزتان لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی جەهەپەن و هەمووان دەبینن کە جەهەپە خەریکە لەت دەبێت. ئەم دۆخە تورکیا بەرەو یەکدەستیی دەبات یان پەرتەوازەبوون؟
پێویستە قۆناغێکی نوێی دیالۆگ لە تورکیا دەستپێبکات
ئەحمەد داودئۆغڵو: بە دروستی نازانم دەست لە کاروباری ناوخۆی پارتی دیکە وەربدەم، ڕەنگە ناکۆکیی ناوخۆییان هەبێت، ئەوە کاروباری ناوخۆیی ئەو پارتەیە. من لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا، داکۆکیم لەوە کردووە، هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا، هەر لە پارێزگار، نەتەوەیی، سۆسیاڵ دیموکرات و عەلمانییەکان لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و پێکەوە هەنگاو بنێن. هەروەها لەو بارەیەشەوە هەوڵم داوە. ئەوەی کە پێویستە لە تورکیا ڕووبدات ئەوەیە؛ نابێت یاسا وەک ئامرازی فشار دژی هیچ پارتێکی سیاسیی بەکاربهێنرێت. من هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی جەهەپە بە دروست نازانم و ئەوەشم گوتووە. هاوکات لە ژیانی سیاسیی خۆمدا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیم کردووەتە پرسێکی بنەڕەتی. جا ئەمە لەلایەن دەسەڵاتەوە بکرێت یان ئۆپۆزسیۆن جیاوازی نییە. باوەڕم وایە، پێویستە بەرەنگاری گەندەڵی ببینەوە. هیوادارم پارتی کۆماریی گەل، لە ناوخۆیدا کێشەکانی چارەسەر بکات و دابەش نەبن، هەروەها هیوادارم پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، تووشی قەیران نەبێت، بەڵام هەرچییەکیش ببێت، پێویستە قۆناغێکی نوێی دیالۆگ لە تورکیا دەستپێبکات. پێویستە کەناڵەکانی گفتوگۆ لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە کراوەیی بمێننەوە. هەروەها پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان جێگرەوە پێشکەش بکەن. ئەرکی ئێمە تەنیا ڕەخنەگرتن نییە لە دەسەڵات، بەڵکو پێشکەشکردنی جێگرەوەیە. من لەنێو ئاکپارتیدا، سەرۆکایەتیی گشتی پارتەکە و پۆستی سەرۆکوەزیرانیشم هەبووە، هەروەها سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن دەناسم، داوا لە هەموویان دەکەم لەم قۆناغە هەستیارەدا، هێمنی و ئارامیی بپارێزن و داوایان لێدەکەم پەنا بۆ دیالۆگ ببەن.لە کاتێکدا تورکیا بەرەو هەڵبژاردنەکانی ئایندە هەنگاو دەنێت، پێویستە هیچ زیانێک بە سەقامگیرییەکەی نەگات، بەڵکو وڵاتێک بێت، ئازادتر و دیموکراسیتر بێت، کە هەمووان بە سەربەزرییەوە تێیدا بژین. هەروەها هیچ دەنگێکی ئۆپۆزسیۆن کپ نەکرێت و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ئازادانە گوزارشت لە بۆچوونەکانیان بکەن، ئەو کاتە کێ هەڵبژاردن دەباتەوە با بیباتەوە. نابێت لایەنی بەرامبەر هەڵوێستی تۆڵەکارانەی هەبێت. پاش ئەم هەموو ئەزموونە، من وەک دوواین سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراوی وڵاتەکە، بانگەوازەکەمان بۆ هەمووان هەمان شتە؛ وەرن با پێکەوە لە دەوری دیموکراسی و ئازادییەکان کۆببینەوە و تورکیا بەرەو ئایندەیەکی گەشتتر ببەین، لەبەرەئەوەشە پارتەکەمان ناوناوە ئایندە، چونکە ئارامی و دیموکراسییەت لە تورکیا تەنیا بۆ وڵاتەکە گرنگ نییە، بەڵکو دیموکراسی و سەقامگیریی سیاسیی تورکیا، سەرچاوەی نیگایە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکات گرەنتیکاریشە بۆیان. لەبەرئەوە باوەڕم وایە پێویستە بەم هۆشیارییەوە سیاسەت بکرێت.
کەناڵ8: دەمانەوێت باسی جەنگی ئێران بکەین، ئەم جەنگە بۆچی ڕوویدا، ئێوە چۆن دەڕواننە جەنگەکە و ئەو قەیرانەی پاش داخستنی گەرووی هوورمز سەریهەڵدا؟
لەناوچەکە پێویستمان بە ئەندازیارییەکی نوێی ئەمنیی هەیە
ئەحمەد داودئۆغڵو: ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خاوەنی گەورەترین سەرچاوە سروشتییەکانە لە جیهاندا، لە ڕاستیشدا لەڕووی سەرچاوە سروشتییەکانەوە دەوڵەمەندترینە. دێرینترین کولتوورەکانی جیهان لێرەن. یەکەمین شارەکان لێرە دامەزرێنران. یەکەمین شارستانییەتەکان لێرە دامەزران. هەموو ئایینە ئاسمانییە مەزنەکان لێرەوە سەریانهەڵدا. لەبەرئەوەشە هەموو شتێک بەردەستە بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە ناوەندی شارستانییەتیی مرۆڤایەتی و جیهان. ئەوەی کە نیمانە، ئەو سەرکردانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەبەن، لەبری ئەوەی کە ئایندەیەکی کولتووری و ستراتیجی بونیاد بنێن، کەوتوونەتە ناکۆکیی لەگەڵ یەکدیدا، بەڵام لە دوایین جەنگدا و ئەو کۆمەڵکوژییەی ئیسرائیل لە غەززە کردی، پاش ئەوەش ئەو سیاسەتی فراوانخوازییەی پەیڕەوی کرد، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ناوچەکە دروستکرد. لەژێر کاریگەریی نەتەنیاهوودا، جەنگێک لە دژی ئێران دەستیپێکرد. بەر لە هەموو شتێک پێویستە ئەوە بڵێین، کێ ئاسایشی سنوورەکانی وڵاتێکی دیکە لەناو ببات و هێرشی بکاتە سەر، پێویستە گەلانی ناوچەکە، دژی هاودەنگ بن. ئێران هەڵەی کردووە، ئێران پەیوەندی گرفتئامێزی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کەنداودا هەبووە، بەڵام من باوەڕم وایە ئێستا پێویستە ئەو گرفتانە تێبپەڕێنرێن. ئاگربەستێک راگەیێنراوە، بەڵام هەمیشەیی نییە. ئاگربەستێکی زۆر دەڵەمەیە و خۆی نەگرتووە. هەر لەبەرئەوەش من لە کۆڕبەندی دێڵفی بانگەوازێکم کرد و گوتم؛ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەرووی ئابووری و وزەی هەموو جیهانی بەدەستەوەیە، ئەویش لەڕێگەی گەرووی هوورمزەوە. تاوەکو ئەو کاتەی شیرازەیەکی نوێ لە گەرووی هوورمز دێتەئاراوە، ئێران و وڵاتانی کەنداویش، لە سەروویانەوە سعودیە، هەروەها ژمارەیەک وڵاتی دیکە پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، لەبارەی تێپەڕین بە گەرووی هوورمزدا، دەتوانن ئەرکێکی تایبەت لەئەستۆ بگرن. ئەمانە دەکرێت تورکیا، پاکستان، مالیزیا و ئەندۆنیزیا بن. ڕەنگە وڵاتانی دیکەشی تێدا بێت. بەو شێوەیەش لانی کەم، ڕێگریی دەکرێت لەوەی ئابووریی جیهان تووشی قەیران ببێت. لە قۆناغی دووەمیشدا لەنێوان ئێران و وڵاتانی کەنداودا پێویستمان بە ڕێکاری نوێیە. پێویستە بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو لەدژی ئێران بەکارنەهێنرێت، هەروەها پێویستە ئێران نەچێتە جەنگەوە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، لە سەروویانەوە سعودیە. من ئێستا پۆستی فەرمیم نییە و ئەگەر هەمبووایە یەکەم شت ئەنجامم دەدا، هەوڵم دەدا بۆ ئەوەی دیالۆگ لەنێوان ئێران و سعودیە دەستپێبکەم. لە ناوچەکە پێویستمان بە ئەندازیارییەکی نوێی ئەمنیی هەیە، پێویستمان بە ڕێکارێکە لە کەنداو سەبارەت بە وزە و هاتوچۆ. دواتریش لە پاکستانەوە تاوەکو میسڕ، لە ڕووبەرێکدا کە سەرجەم وڵاتانی کەنداو، بە تورکیا و سووریا و میسڕەوە بگرێتەخۆ، پێویستمان بە ئەندازیارییەکی ئەمنییە. ئەگەر ئیسرائیل دژی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین نەوەستێتەوە و خوشک و برا فەڵەستینییەکانمان بە مافەکانیان بگەن، ئەو کاتە ئیسرائیلیش دەتوانێت ببێتە بەشێک لەم سیستمە ئەمنییە. لەبارەی چەکی ئەتۆمیشەوە، پێویستە هەڵوێستمان زۆر ڕوون بێت، چەکی ئەتۆمی لە ئێران چەند مەترسیدار بێت، لە ئیسرائیلیش هێندە مەترسیدارە. دژی چەکی ئەتۆمین و پێویستە ئەندازیارییەکی ئەمنیی هاوبەش دابمەزرێنرێت. پێویستە دەوڵەتی فەڵەستین دروست بکرێت، لەم ڕوانگەیەوە پێویستە کار بکەین لەسەر پرۆژەیەکی نوێی ئاشتی. ئەوەشی ئێستا ئەرکە لەسەر هەمووان، هاندانی شەڕ و پێکدادان نییە، بەڵکو ڕێگرتنە لێیان. ئەمە جگە لەوەی ناتوانین ناوچەکە بۆ ئەوانە بەجێبهێڵین کە لە دەرەوە هاتوون. ئەم خاک و ناوچەیە خاکی عەرەب، تورک، کورد و ئێرانییەکانە. پێویستە فێر بین چۆن خۆمان کێشەکانمان چارەسەر بکەین.
کەناڵ8: پارتی ئایندە تاوەکو چەند لەگەڵ سەربەخۆیی ئابووریی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەت هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە؟
بە سێ ڕێگا تورکیا دەتوانێت کوردستان بەڕووی جیهاندا بکاتەوە
ئەحمەد داودئۆغڵو: دەستبەرکردنی خۆشگوزەرانی لە هەرێمی کوردستان و گەشەکردنە ئابوورییەکەی، بۆ ئێمە بژاردەیەکی لەپێشینەیە. من وەک خۆم، هەرچییەکم لەئەستۆدا بێت، لەڕێگەی پەیوەندییەکانمەوە ئامادەم جێبەجێی بکەم. پێویستە هەوڵ بدەین وەبەرهێنەرانی زیاتر لە تورکیاوە بینە هەرێمی کوردستان و پەیوەندی توندوتۆڵی ئابووری بونیاد بنێین. پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لەنێوان تورکیا و عێراق لە جێبەجێکردندایە. هەرێمی کوردستان بەندە لەسەر ڕێگە وشکانییەکان، واتە ڕێگەیەکی لەسەر دەریا نییە. بە سێ ڕێگا تورکیا دەتوانێت کوردستان بەڕووی جیهاندا بکاتەوە. یەکێکیان بۆ دەریای ڕەش لەڕێگەی هێڵێکەوە بۆ ترابزۆن و سامسون، یەکێکی دیکەیان لە سلێمانی و هەولێرەوە بۆ ئیسکەندەروون لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست، سێیەمیان لە سلێمانی و هەولێرەوە بۆ ئامەد، ئەنقەرە، ئیستانبوڵ و ئەوروپا. کاتێک کە ئەم ڕێگایانە بە شێوەیەکی دروست دەخرێنەگەڕ. ئەو کاتە کرانەوەی هەرێمی کوردستان بەڕووی جیهاندا زۆر تەندروستتر دەبێت. لەپێشینەترین بژاردەی ئێمە ئەوەیە؛ بە گشتی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق، لەنێو پرۆژەیەکی جددی گەشەپێداندا جێگە بگرێت.
کەناڵ8: دوایین پرسیارم لە بەڕێزتان ئەوەیە؛ پارتی ئایندە و ئەحمەد داودئۆغڵو دەیانەوێت لە مێژووی سیاسیی تورکیادا، چ میراتێک بەجێبهێڵن؟
دەمەوێت ئاشتی بۆ کورد و تورک و عەرەب و فارس بەرپا بکەم
ئەحمەد داودئۆغڵو: بەڕێز کاوان ئەمە پرسیارێکی زۆر جوانە. مرۆڤەکان بەشێوەیەک دەچنە مێژووەوە؛ یان بوونەتە هۆی مەرگی کەسانی دیکە و هەڵگیرساندنی جەنگ، یان جەنگی هەمیشەیی براکوژیی لەنێوان خەڵکدا. یانیش لەڕێگەی بەرپاکردنی ئاشتییەوە. ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییەی من بۆ خۆم داناوە لەناو تورکیادا، لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکانی وڵاتەکەدا، چی تورک و کورد، چی سووننی، یان عەلەوی، تورکیا بکەینە وڵاتێکی ئاشتیئامێز و گەشەسەندوو. من بەوەوە ناوەستم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتانی باڵکان، واتە لە تەواوی ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندیی مێژووییمان لەگەڵیان هەیە، ئاشتی باڵادەست بێت. هەروەها ڕۆڵم هەبێت لە هێنانەئارای ئاشتی لە سەرانسەری جیهاندا. واتە من کە ئەمانەتی ڕۆحم ڕادەست کردەوە، دەخوازم مرۆڤەکان بەو شێوەیە باسم بکەن و بڵێن؛ داودئۆغڵویەک بەم جیهانەدا تێپەڕی، مافی کەسی پێشێل نەکرد، درۆی لەگەڵ کەس نەکرد، ناپاکی لە هیچ ئەمانەتێک نەکرد و هەوڵی کۆکردنەوە و بەبراکردنی مرۆڤەکانی دا. هەر کێشەیەکی بەرەوڕوو بووبێتەوە، بێ قوڵکردنەوەی، هەوڵی چارەسەرکردنی داوە. پێویستە لەدوای خۆمان، سەدایەکی جوان لە ئاسمان بەجێبهێڵین. لە کۆتاییدا هەموومان تەمەنێک بەڕێدەکەین، ئەوەی گرنگە ئەوەیە؛ ئەو میراتەی بەجێیدەهێڵین، خەڵک بە خێر و چاکە یادی بکەنەوە. من ناونیشانێکم مامۆستایە و ناونیشانێکی دیکەم سەرۆک ئەحمەدە. وەک مامۆستا نەک تەنیا ئەو خوێندکارانەی کە لە دوای خۆم بەجێمهێشتوون، کتێبەکانیشم هەن کە بۆچوونەکانی من دەگەیەنن و بڵاودەکەنەوە، بەو جۆرە پەروەردەکانم لەگەڵ نەوەکانی داهاتوو بەردەوامیی دەبێت. کتێب دەنووسم و سیاسەت دەکەم. سەرەڕای ئەوەی کە پۆستێکی فەرمیم نییە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، چوار جار هاتوومەتە هەرێمی کوردستان و بەردەوامیش دەبم لە هاتن، چونکە ئەو ئاشتییەی لێرە بەجێیدەهێڵین، میراتێکی جوانە. دەمەوێت میراتییەک بەجێبهێڵم کە بڵێم؛ ئاشتیم بۆ کورد، تورک، عەرەب و فارس بەرپا کرد.
2 کاتژمێر پێش ئێستا