سەرۆکایەتییەکانى عێراق پشتیوانیی خۆیان بۆ کۆکردنەوەى چەک دووپاتکردەوە

رێبوار حەمەوەیس 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکانی عێراق
کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکانی عێراق

سەرۆکایەتییەکانى عێراق، داوا دەکەن پەلە لە تەواوکردنى کابینەى حکومەت بکرێت، پاڵپشتیی خۆشیان بۆ پرەنسیپى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت دووپاتکردەوە.

کۆبوونەوەى سەرۆکایەتییەکانى عێراق لە کۆشکى بەغداد بە ئامادەبوونى نزار ئامێدى و عەلى زەیدى و هەیبەت حەلبووسى و فایەق زێدان بوو.

پەلەکردن لە تەواوکردنی کابینەی حکومەت

سەرۆکایەتییەکانى عێراق، جەختیانکردووەتەوە لە گرنگى پەلەکردن لە تەواوکردنى کابینەى حکومەت، تاوەکو ببێتە هۆى بەرزکردنەوەى ئاستى کارەکانى حکومەت و بەهێزکردنى تواناى دامەزراوەکان لە جێبەجێکردنى کارنامەى وزارى و بەدیهێنانى ئامانجەکانى.

دەکردنی یاسای پێویست و هەمواکردنەوەی یاساکانی وەبەرهێنان

هەروەها جەختیانکردەوە لە گرنگى دەرکردنى یاساى پێویست و هەموارکردنەوەى یاساکانى وەبەرهێنان، لەپێناو بەهێزکردنى کەرتەکە، تاوەکو ببێتە پاڵپشتییەک بۆ ڕۆڵى حکومەت و پەرەپێدانى دامەزراوەکانى دەوڵەت و بەهێزکردنى ڕێڕەوى گەشەپێدان و چاکسازى و بەدیهێنانى بەرژەوەندیى گشتى.

پشتیوانی لە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت

سەرۆکایەتییەکانى عێراق پشتیوانیی خۆیان بۆ پرەنسیپى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت دووپاتکردەوە، بە پایەیەک لە پایە سەرەکییەکانى سەروەریی یاسا و پتەوکردنى شکۆى دەوڵەت ناویانبرد، ستایشى ئەو هەڵوێست و هەنگاوانەیان کرد کە هەندێک لایەن ڕایانگەیاندووە و دەستپێشخەرییان کردووە بۆ پچڕاندنى پەیوەندییان لەگەڵ دەستەى حەشدى شەعبى.

دووپاتیشیانکردەوە، بڕیارى سیاسى و ئەمنى پێویستە تەنیا لە دەستى دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان و لەژێر فەرمانى فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بێت.

جەختکردنەوە لە گرنگی ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری

هاوکات جەختیانکردەوە، لە گرنگى ڕۆڵى دەسەڵاتى دادوەرى لە سەپاندنى یاسا و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەى دەستدرێژیی دەکەنە سەر ماڵى گشتى و دامەزراوەکانى دەوڵەت یاخود هەڕەشەلە ئاسایشى دەوڵەت دەکەن.

فرۆجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات

لەبوارى ئابوورى و دارایی، سەرۆکایەتییەکان بە پێویستیانزانى سەقامگیریی دارایی و پاڵپشتىی ئابووریی نیشتمانى بەهێز بکرێت و سەرچاوەکانى داهات فرەجۆر بکرێن و تەنیا پشت بە داهاتى نەوت نەبەسترێت، ئەوەش لە ڕێگەى پەرەپێدانى کەرتە بەرهەمدارەکان و پیشەسازى و کشتوکاڵ و گەشتیاریی و هاندانى وەبەرهێنانى ناوخۆیی و بیانى.

جەختکردنەوە لە هەڵوێستی جێگیریی عێراق

لەبارەى ڕەوشى هەرێمى و نێودەوڵەتى، سەرۆکایەتییەکان، دووپاتیان لە هەڵوێستى جێگیریی عێراق کردەوە کە داوا دەکات دەستبەجێ جەنگ ڕابگیرێت و کۆتایی بە هەموو جۆرە گرژى و پەرەسەندنێک لە ناوچەکەدا بهێنرێت و پەناببرێتە بەر دیالۆگ و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنى ناکۆکییەکان و یەکلاکردنەوەى ململانێکان.

هەروەها پاڵپشتیی عێراقیان دووپاتکردەوە بۆ هەموو هەوڵە بەگەڕخراوەکان بۆ پتەوکردنى ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و بەکارهێنانى خاکى عێراقیان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتان ڕەتکردەوە.

رێبوار حەمەوەیس

3 کاتژمێر پێش ئێستا