سوپای پاسداران: نزیکبوونەوە لە گەرووی هورمز قەدەخەیە

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کەشتییەک لە کاتی تێپەڕین لە گەرووی هورمز
کەشتییەک لە کاتی تێپەڕین لە گەرووی هورمز

تاران یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بەڕووی کەشتیوانیدا دادەخات و هۆشداری دەداتە هەر هێزێک کە هەوڵی نزیکبوونەوە لە ناوچەکە بدات.

داخستنی گەرووی هورمز تا کاتێکی نادیار

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026 رایگەیاند، بەهۆی پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، گەرووی هورمز تا کاتێکی نادیار بە داخراوی دەمێنێتەوە. میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە ئێستادا هیچ جووڵەیەکی بازرگانی و سەربازی لە گەرووەکەدا نەماوە.

هۆشداریدان بە کەشتییەکان و دیاریکردنی ئامانجەکان

سوپای پاسداران هۆشداری توندی داوە کە نابێت هیچ کەشتییەک لە کەنداو و دەریای عوماندا بجووڵێت یان لەنگەر بگرێت. لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە، هەر کەشتییەک لە گەرووی هورمز نزیک بێتەوە، وەک هاوکاری دوژمن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دەکرێتە ئامانج.

دۆخی ناوچە سنوورییەکان دوای شەڕی دەریایی

دوای ئەوەی ئەمشەو پێکدادانی سەخت لە نێوان هێزی دەریایی ئێران و ئەمریکا لە دەوروبەری گەرووی هورمز روویدا، لە ئێستادا جووڵە لە ناوچەکە وەستاوە. بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران، دۆخی تەناهی لە 13 شاری سنووریی پارێزگای هورمزگان و دەوروبەری گەرووەکە هێور بووەتەوە.

بۆردوومانکردنی کەشتیگەلی پێنجەم و لەکارخستنی رادارەکان

سوپای ئێران رایگەیاندووە، لە رێگەی بەکارهێنانی درۆنەوە 18 ئامانجی سوپای ئەمریکییان پێکاوە. یەکێک لە ئامانجەکان کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا بووە لە بەحرەین، کە تێیدا توانیویانە سیستەمی راداری تایبەت بە کەشتیگەلەکە لەکاربخەن و زیانی پێ بگەیەنن.

هەڵوێستی ئێران لەسەر بەردەوامیی گرژییەکان

بەرپرسانی سەربازیی ئێران دوپاتی دەکەنەوە کە ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی ئەمریکان و هیچ جۆرە سازش و پاشەکشەیەک لە هەڵوێستەکانیان ناکەن. سوپای پاسداران دەڵێت، بەهێزیی وەڵامەکانی ئەوان وای کردووە ئەمریکا ناچار بێت هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ئێران رابگرێت.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا