پزیشکیان بۆ ترەمپ: هەڕەشەکردن بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانەکان نیشانەی بێچارەییە
سەرۆککۆماری ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، تاران لە بەرامبەر هەر فشار و هێرشێکی سەربازیی واشنتندا بە بەهێزی دەمێنێتەوە.
وەڵامی پزیشکیان بۆ هەڕەشەکانی ترەمپ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، هەڕەشەکردن بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانە گرنگەکانی وڵاتەکەی، نیشانەی بەهێزی نییە و بەڵکو گوزارشتە لە بێچارەیی. ئەم قسانەی پزیشکیان دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هێرش دەکەنەوە سەر ئێران و جارێکی دیکە بە توندی بۆردوومانی پێگەکان دەکەن.
بەرگریکردن لە کەرتە خزمەتگوزارییەکان
سەرۆککۆماری ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی ترەمپی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، هەڕەشەکردن لە بە ئامانجگرتنی تۆڕەکانی گواستنەوە، کارەبا و ئاو، نیشانەی بێچارەییە لە بەرامبەر ئیرادەی نەتەوەیەکدا. ناوبراو باسی لەوەشکرد، ئێران بە پشتبەستن بە زانیاری و توانای پسپۆڕەکانی، لە بەرامبەر هەر فشار و هەڕەشەیەکدا بە بەهێزی دەمێنێتەوە.
کاردانەوەی ئەمریکا بۆ خستنەخوارەوەی ئەپاچی
ئەم ئاڵۆزییە نوێیەی نێوان تاران و واشنتن دوای ئەوە دێت، کە ئەمڕۆ سوپای ئەمریکا ژمارەیەک ناوچەی ئێرانی بۆردوومان کرد. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەو هێرشانە وەڵامێک بووە بۆ خستنەخوارەوەی کۆپتەرێکی جۆری ئەپاچی لە گەرووی هوورمز، کە سێنتکۆم وەک "دەستدرێژییەکی بێ پاساو" ناوی بردووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا