دۆسیەی ئاسۆ مەجید؛ بۆچی کامێراکانی چاودێری لە لیژنەی مافی مرۆڤ شاردرانەوە؟
گومانەکان لەسەر گیانلەدەستدانی ئەو پێشمەرگەیەی پارتی لە هەولێر زیاد دەکەن؛ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە باس لە بوونی زانیاریی دژبەیەک و شاردنەوەی ڤیدیۆی کامێراکان دەکات.
دەستەی مافی مرۆڤ و هەوڵەکانی لێکۆڵینەوە
مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، ڕایگەیاند، لیژنەکەیان بۆ ماوەی 2 ڕۆژ سەردانی سەرجەم دامودەزگا ئەمنی، پزیشکی و دادییەکانی پەیوەست بە گیانلەدەستدانی ئاسۆ مەجیدیان لە هەولێر کردووە. لیژنەکە سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیارییەکانە، بەڵام لە هیچ کام لەو شوێنانە کامێرای چاودێرییان پیشان نەدراوە.
دژبەری لە نێوان گوتەی پۆلیس و پزیشکی داد
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، زانیارییەکان سەبارەت بە کاتی گیانلەدەستدانی ئاسۆ مەجید دژبەیەکن. پزیشکی دادی هەولێر دەڵێت تەرمەکە لە کاتژمێر 12 بۆ 1ـی پاشنیوەڕۆ هێنراوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تاوان دەڵێت کاتژمێر 2 بۆ 3ـی پاشنیوەڕۆ گیانی لەدەستداوە.
مانەوە لە گرتوخانەیەکی نایاسایی
ئاسۆ مەجید لە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تاوان لە هەولێر گیانی لەدەستداوە، لە کاتێکدا بەپێی یاسا ئەو بەڕێوەبەرایەتییە نابێت گرتوخانەی هەبێت و دەبوو تۆمەتبارەکە لە بەشی "گرتن و گواستنەوە" بێت. هەروەها سەرەڕای ئەوەی تۆمەتەکەی پەیوەست بووە بە ئاسایشی نیشتمانی، بەڵام نەبراوەتە زیندانی ئاسایش.
شاردنەوەی ڤیدیۆی کامێراکان
لە کاتێکدا هەموو جۆرە بەندینخانەکانی هەرێم (ئاسایش، گرتن و گواستنەوە، چاکسازی) کامێرای چاودێرییان هەیە، بەڵام ڤیدیۆی ئەو شوێنەی ئاسۆ مەجیدی تێدا بووە بە لیژنەی مافی مرۆڤ نەدراوە. ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا لە سلێمانی، کامێراکان پیشانی لیژنەکە دران و گومانەکان ڕەوینەوە.
لە دەستگیرکردنەوە تاوەکو گەڕانەوەی تەرم
ئاسۆ مەجید پێشمەرگەی پارتی بووە، لە سەرەتای مانگی 4 لە بازگەی دێگەڵە دەستگیرکراوە. پاش 2 مانگ بێسەروشوێنبوون، پۆلیسی هەولێر بە کەسوکارەکەی ڕاگەیاندووە کە "خۆی کوشتووە". بەڵام دوای ئەوەی لە سلێمانی دووبارە توێکاری بۆ تەرمەکەی کراوەتەوە، دەرکەوتووە، بەر لە گیانلەدەستدانی ئەشکەنجە دراوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا