مۆندیالی 2026 بە ژمارە؛ 48 هەڵبژاردە، 104 یاری و خەڵاتێکی 50 ملیۆن دۆلاری

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا

بۆ یەکەمجار لە مێژووی 100 ساڵەی مۆندیال دا، پاڵەوانێتییەکە بە شێوازێکی نوێ و بە بەشداری 48 هەڵبژاردە لە سێ وڵاتی جیاوازی کیشوەری ئەمریکای باکوور بەڕێوەدەچێت.

وڵاتانی میواندار و مێژووی بەشدارییان

مۆندیالی 2026 لەلایەن سێ وڵاتی مەکسیک، کەنەدا و ئەمریکا بە هاوبەشی میوانداری دەکرێت. مەکسیک پێشتر لە ساڵانی 1970 و 1986 میوانداریی کردووە، ئەمریکاش لە ساڵی 1994 پێشوازی لە یارییەکان کردووە، بەڵام بۆ وڵاتی کەنەدا ئەمە یەکەمین ئەزموونە وەک میوانداری مۆندیال.

ژمارەی هەڵبژاردەکان و سیستەمی گرووپەکان

مۆندیالی ئەمساڵ لە هەموو خولەکانی پێشوو گەورەترە؛ ژمارەی هەڵبژاردە بەشداربووەکان بۆ 48 وڵات زیادکراوە. تیپەکان بەسەر 12 گرووپدا دابەشکراون و هەر گرووپێک لە 4 هەڵبژاردە پێکدێت کە کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە دەکەن.

دابەشبوونی یارییەکان بەسەر شار و یاریگاکان دا

لە تەواوی پاڵەوانێتییەکەدا 104 یاری ئەنجام دەدرێن کە بەسەر 16 شاری ئەو سێ وڵاتەدا دابەشبوون. ئەمریکا پشکی شێری هەیە و 78 یاری لە 11 یاریگای جیاوازدا میوانداری دەکات، لە کاتێکدا مەکسیک و کەنەدا هەر یەکەیان 13 یاری لە 3 بۆ 2 یاریگای خۆیاندا ئەنجام دەدەن.

کات و شوێنی یاریی دەستپێک و کۆتایی

یەکەم یاریی مۆندیال لە 11ـی حوزەیران لە ویلایەتی نیو مەکسیکۆ بەڕێوەدەچێت. یاریی کۆتایی و یەکلاکردنەوەی پاڵەوانێتییەکەش لە 19ـی تەممووز لە ویلایەتی نیوجێرسیی ئەمریکا ئەنجام دەدرێت.

یاساکانی یاری و کۆکردنەوەی خاڵەکان

سیستەمی خاڵەکان بەو شێوەیەیە کە براوە 3 خاڵ، یەکسانبوون 1 خاڵ و دۆڕاو هیچ خاڵێک وەرناگرێت. ماوەی یارییەکان 90 خولەکە و هەر گێمێک لە 45 خولەکی تەواو پێکدێت.

خەڵاتە داراییەکانی تیمی براوە

خەڵاتی دارایی مۆندیالی 2026 گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە؛ تیمی پاڵەوان بڕی 50 ملیۆن دۆلار وەک خەڵات وەردەگرێت لەگەڵ جامە زێڕینە 18 عەیارەکە. ئەم بڕە لە مۆندیالی قەتەڕ 42 ملیۆن دۆلار بوو، لە کاتێکدا لە مۆندیالی ساڵی 1982 تەنیا 2.2 ملیۆن دۆلار بووە.

مێژووی پاڵەوانەکانی پێشووی مۆندیال

لە ساڵی 1930ـەوە تاوەکو ئێستا 8 هەڵبژاردە نازناوەکەیان بردووە:

بەڕازیل: 5 نازناو.

ئەڵمانیا و ئیتاڵیا: هەر یەکەی 4 نازناو.

ئەرجەنتین: 3 نازناو.

فەڕەنسا و ئۆرۆگوای: هەر یەکەی 2 نازناو.

ئینگلتەرا و ئیسپانیا: هەر یەکەی 1 نازناو.

ئاماری فرۆشتنی بلیتەکان

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) ڕایگەیاندووە، لە کۆی 6.7 ملیۆن بلیتی بەردەست، تاو ئێستا 5.5 ملیۆنی فرۆشراوە. فیفا بەشێک لە بلیتەکانی هێشتووەتەوە بۆ ئەو کەسانەی لە قۆناغە کۆتاییەکاندا بڕیاری سەیرکردنی یارییەکان دەدەن.

نرخی بلیتەکان بەپێی قۆناغەکان

نرخی بلیتەکانی مۆندیالی 2026 بە گرانترین لە مێژوودا دادەنرێت و بەپێی قۆناغەکان بەم شێوەیەیە:

قۆناغی گرووپەکان: 60 بۆ 1000

قۆناغەکانی دەرکردن: 700 بۆ 1360

یاریی کۆتایی: 2000 بۆ 10990

لە بازاڕی ڕەشدا گەیشتووەتە زیاتر لە 2 ملیۆن دۆلار.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا