22 دەوڵەت داوای ڕاگرتنی هێرش و دەستدرێژییەکانی تاران بۆ سەر تاکی وڵاتەکانیان دەکەن

سامیا حەسەن 3 کاتژمێر پێش ئێستا

22 دەوڵەتی جیهان لە ناویاندا ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەورووپی داوا لە تاران دەکەن هێرش و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر هاوڵاتی و تاکی وڵاتەکانیان ڕاگرێت.

ڕاگرتنى هێرش دژى تاکەکان

لە ڕاگەیێندراوێکى هاوبەشدا ئەو 22 دەوڵەتە داوایان لە ئێران کرد هێرشەکانی دژی تاکەکان لەسەر خاکی وڵاتەکەیان ڕابگرێت و دەستبەرداری پێشلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت.

هەوڵەکانى کوشتن و ڕفاندن

لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "هەوڵدان بۆ کوشتن، ڕفاندن، هەراسانکردن، ترساندن، یان هێرشکردنە سەر تاکەکان لەسەر خاکەکەمان بەهەر شێوەیەک بێت، سەروەری نیشتمانی و شێوازەکانى یاساى نێودەوڵەتی پێشێل دەکات.

ئیرادەى پاراستنى سەروەرى

ئەو 22 دەوڵەتە دەڵێن، ئێمە ئیرادەیەکی یەکگرتوومان هەیە بۆ پاراستنی وڵات و گەلەکەمان و داواش لە تاران دەکەن دەستبەجێ ئەو کارانە بوەستێنێت.

پاسداران و فەیلەقى قودس تۆمەتبار دەکرێن

لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئێران لە ڕێگەی دەزگا هەواڵگرییەکانی سەر بە سوپای پاسداران و هێزەکانی فەیلەقی قودسییەوە بەرپرسە لە ئۆپراسیۆنی دەرەکی تایبەت بە هێرش و کوشتن و ڕفاندنی دژبەرانی حکومەتەکەی و ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان و هاوڵاتییانی جوو و ئیسرائیلی.

سامیا حەسەن

3 کاتژمێر پێش ئێستا