گۆڕانکاریی گەورە لە کەرتی گواستنەوە؛ پاسەکانی سلێمانی دەکرێنە کارەبایی

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەرێمی کوردستان هەنگاو بەرەو گواستنەوەی سەوز دەنێت؛ لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ دا هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرێد، ریکۆردی ساڵی 2025ـی شکاندووە و پڕۆژەیەکیش بۆ بەکارەبایی کردنی پاسەکانی سلێمانی لە ئارادایە.

زیادبوونی بەرچاوی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە

لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر ئۆتۆمبێلەکانی دۆستی ژینگە رۆژبەڕۆژ لە زیادبووندایە. ئامارەکانی گومرگی هەرێم دەریدەخەن کە تەنیا لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، 26,000 ئۆتۆمبێلی نیمچەکارەبایی (هایبرێد) و کارەبایی تەواو هاوردەکراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە تەواوی ساڵی 2025دا کۆی هاوردەکراوی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە 28,000 دانە بووە، ئەمەش نیشانەی بازدانێکی گەورەیە لە بەکارهێنانی وزەی پاک دا.

پڕۆژەی گۆڕینی پاسەکانی سلێمانی بۆ کارەبایی

لە پێناو کەمکردنەوەی زیانە ژینگەییەکان و خێراکردنی هۆکارەکانی گواستنەوە، بڕیارە لە مانگی ئایندەوە کۆمپانیایەکی فینلەندی هەڵسەنگاندن بۆ شەقام و هێڵەکانی پاس لە شاری سلێمانی بکات. ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە تەواوی پاس و هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی کە بە سووتەمەنی کاردەکەن، بگۆڕدرێن بۆ پاسی کارەبایی کە بە "گواستنەوەی سەوز" دەناسرێن.

تۆمۆ ئیلیما: لە هاوینەوە دەست بە هەڵسەنگاندنی شەقامەکان دەکەین

تۆمۆ ئیلیما، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دابینکردنی پاسی کارەبایی، رایگەیاند، پاسی ئەلیکترۆنی و کارەبایی بە باشترین کوالێتی لە وڵاتی فینلەنداوە دەهێننە هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەشکرد، لە وەرزی هاوینی ئەمساڵەوە دەستدەکەن بە پشکنینی مەیدانی بۆ شەقامەکان و هێڵەکانی پاس، ئێستاش سەرقاڵی دروستکردنی سیستەمەکە و داڕشتنی پلانێکی کردارین بۆ جێبەجێکردنی بیرۆکەکە.

هەوڵەکانی هاتوچۆ بۆ کەمکردنەوەی ئۆتۆمبێلی سووتەمەنی

بەهمەن عەبدوڵا، گوتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل هەن کە بە سووتەمەنی کاردەکەن و هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە. جەختیشی کردەوە، حکومەت هەنگاو بە هەنگاو کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئۆتۆمبێلی سووتەمەنی و زیادکردنی ژمارەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان.

ئاسانکاریی گومرگی بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان

وەک هاندانێک بۆ هاونیشتمانییان و بازرگانان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلە کارەبایی و نیمچە کارەباییەکانی لە باجى گومرگی بەخشیووە. ئەم بڕیارە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر زیادبوونی ڕێژەی هاوردەکردن و رەخساندنی دەرفەت بۆ کۆمپانیا بیانییەکان تاوەکو وەبەرهێنان لە کەرتی گواستنەوەی دۆستی ژینگەدا بکەن.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا