ئێران: لە کاتی خۆیدا تۆڵەی توند لە دوژمن دەکەینەوە

سامیا حەسەن 3 کاتژمێر پێش ئێستا
محەممەد موخبیر، ڕاوێژکاری باڵای موجتەبا خامنەیی
محەممەد موخبیر، ڕاوێژکاری باڵای موجتەبا خامنەیی

تاران پەیامی هەڕەشە ئاراستەی واشنتن دەکات و ڕاوێژکارێکی باڵای خامنەییش ڕایدەگەیێنێت، تۆڵەی کۆتایی ئەوان لەسەر بنەمای ئارامگریی شۆڕشگێڕانە دەبێت و لەکاتی گونجاودا گورزی خۆیان دەوەشێنن.

ستراتیجیی تاران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە دوژمن

محەممەد موخبیر، ڕاوێژکاری باڵای موجتەبا خامنەیی ڕایگەیاند، تۆڵەی توند و کۆتایی ئەوان بەرامبەر بە دوژمنەکانیان لەسەر بنەمای ئارامگریی شۆڕشگێڕانەیە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە وەڵامدانەوە تاکتیکییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەی تەنیا بەشێکی کەمی تۆڵەسەندنەوەکانیانە و لە کاتی خۆیدا هێرشی گەورە دەکەنە سەر دوژمنەکانیان.

پڕکردنەوەی شوێنی فەرماندەکان و بەهێزیی سیستمەکە

ڕاوێژکارەکەی خامنەیی ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی سیستمی سیاسی و سەربازیی ئێران ئەوەیە کە لە کاتی بەئامانجگرتنی هەر سەرکردەیەک، بەخێرایی فەرماندەیەکی دیکە جێگەی دەگرێتەوە. موخبیر جەختی کردەوە کە قوربانیدانی فەرماندە باڵاکان، پێگەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ ئاستی زلهێزێکی جیهانی بەرزکردووەتەوە.

ئامادەیی بەرپرسانی باڵا لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ

لەلایەکی دیکەوە، عەلی فەدەوی، ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، سەرکردە و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان هەمیشە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگدا ئامادەن. ئاماژەی بەوەش کرد، گیانبەخشینی هەریەکە لە فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، فەرماندەی ناوەندی خاتەمولئەنبیا و وەزیری ئیتڵاعات لە جەنگی ئەم دواییەدا، بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ ئامادەیی فەرماندە باڵاکان لە مەیدانی شەڕدا.

بەردەوامیی ڕێبازی فەرماندە سەربازییەکان

فەدەوی دووپاتیکردەوە، شەهیدبوونی فەرماندەکان نەک هەر لە گەورەیی ڕێبازەکەیان کەم ناکاتەوە، بەڵکو خوێنی ئەوان دەبێتە ڕێنوێنی بۆ بەردەوامبوونی هێزەکانیان. ناوبراو باسی لەوەکردووە، ئێران لە ڕابردووشدا بەهۆی جەنگەکانەوە چەندین فەرماندەی پلە باڵای لەدەستداوە، بەڵام ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئیرادەی سەربازیی وڵاتەکەیان نەبووە.

سامیا حەسەن

3 کاتژمێر پێش ئێستا