نیویۆرک تایمز: ئەمریکا دامەزراوەی ئاوی ئێرانی کردووەتە ئامانج
ڕۆژنامەیەکى ئەمریکى دەڵێت، ئەمریکا دامەزراوەی ئاوی ئێرانی کردووەتە ئامانج کە ئاوى 20 هەزار کەسی دابینکردووە.
کردنە ئامانجى دامەزراوەکان
ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمزی ئەمریکى وردەکاریی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران ئاشکرا کردووە و دەڵێت، هێرشەکانی ڕۆژی چوارشەممەی ئەمریکا دامەزراوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی لە کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکە کردووەتە ئامانج.
نیویۆرک تایمز، باسی لە وێنەی مانگە دەستکردەکان کردووە کە ڕۆژێک بەر لە هێرشەکان لە گوندی بیمانی، دەرکەوتووە، دامەزراوەی دابەشکردنی ئاوی تێدایە، بەڵام بەگوێرەی بەرپرسی دەزگای ئاوی ناوچەکە، دامەزراوەکە کراوەتە ئامانج.
بەمەبەست بە ئامانج گیراو؟
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دیار نییە ئەمریکا بە مەبەست ئەم دامەزراوەیەی بە ئامانج گرتووە یاخود نا، چونکە بە ئامانجگرتنی دامەزراوەی هاوڵاتییانی سڤیل، تاوانی جەنگە.
ئاوى خواردنەوەى 20 هەزار کەس بڕاوە
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێرانیش لەسەر هێرشەکەی ئەمریکا دەڵێت، ئەمریکا کۆگاکانی ئاوی کردووەتە ئامانج، ئێستا ئاوی زیاتر لە 20 هەزار کەس لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە بڕاوە، ئەمە لە کاتێکدا پلەکانی گەرما 38 پلەی سیلیزییە.
تۆمار و بەڵگەکان چى دەڵێن؟
بەگوێرەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆیانەی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردووەتەوە، دوو دامەزراوە زیانیان بەرکەوتووە.
بەکارهێنانى بۆمبى GBU-39
ئاژانسی تەسنیم-یش بڵاویکردووەتەوە، بۆمبی جۆری جی بی یو-39، لە بەئامانجگرتنى دامەزراوەکاندا بەکارهێنراوە، کە جۆرە بۆمبێکە بەوردی ئامانجەکانی دەپێکێت و لە جۆری ئەو بۆمبانەیە کە 250 پاوەنن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا