محەممەد حاجی مەحموود: پێویستە لایەنە سیاسییەکان حکومەتی نوێ پێکبهێنن
ژوان نیزام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکرات رەخنە لە دواکەوتنی پڕۆسەی سیاسی دەگرێت و داوا لە لایەنەکان دەکات بۆ گەڕانەوەی شەرعییەت و رێزگرتن لە دەنگی هاونیشتمانییان، کۆتایی بە چەقبەستوویی پێکهێنانی حکومەت بهێنن.
دواکەوتنی پێکهێنانی دامەزراوە شەرعییەکان
محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی دووەمی پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبەکەی رایگەیاند، ماوەی 2 ساڵە هەڵبژاردن ئەنجامدراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نە پەرلەمان و نە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراون.
داواکاری بۆ رێککەوتنی نێوان لایەنەکان
سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکرات داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، پێکەوە رێکبکەون. جەختیشی کردەوە، پێویستە لەپێناو گەڕانەوەی شەرعییەت بۆ دامەزراوەکان و رێزگرتن لە دەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە زووترین کات هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بنێن.
ژوان نیزام
2 کاتژمێر پێش ئێستا