نەتەوەیەکگرتووەکان: ژمارەی ئاوارەکان لە 2025 کەمیکردووە

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشكرایکرد، بەراورد بە 10 ساڵى ڕابردوو، ژمارەی ئاوارەی زۆرملێ کەمیکردووە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی خواست بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ زێدى خۆیان.

دۆخى ئاوارەکان لە 2025

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026 ئاژانسی پەنابەریی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، لە کۆتایی 2025دا، 117 ملیۆن و 800 هەزار کەس لە جیهان دا بە زۆر ئاوارەبوون، ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی 2024، پێنج ملیۆن و 400 هەزار کەس کەمترە.

لە ڕاگەیێندراوی ئاژانسەکەدا هاتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی جەنگ و توندوتیژییەوە ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، هێشتا بەرزە، بۆیە داوا کراوە ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەر بۆ کەمکردنەوەی ئاوارەبوونی درێژخایەن لەماوەی داهاتوو.

گەڕانەوەى ئاوارەکان

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوەکە، کەمبوونەوەی ژمارەی ئاوارەکان لە ساڵی 2025 بەهۆی گەڕانەوەی 14 ملیۆن و 700 هەزار ئاوارەیە بۆ ماڵەکانی خۆیان.

بەرهەم ساڵح، سەرۆکی ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەران لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، زیاتر لە 90%ـی ئەو پەنابەرانەی ساڵی ڕابردوو گەڕاونەتەوە خەڵکی ئەفغانستان، سودان و سووریا بوون.

گەڕانەوە لەژێر فشار

گوتیشى، بەشی زۆری ئەم هاوڵاتییانە بەهۆی گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیرییەوە نەگەڕاونەتەوە، بەڵکو لە ژێر فشاردا ئەم بڕیارەیان داوە، ئەمەش سەلامەت نییە.

ئامارەکان چى دەڵێن؟

لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی پەنابەراندا هاتووە، لەناو ئەو کەسانەی لە کۆتایی 2025 ئاوارەبوون، 41 ملیۆن و 600 هەزاریان بە پەنابەر دانراون، 60%ـی ئەم ژمارەیەش لە هەشت وڵاتەوە کۆچیان کردووە، تەنیا یەک ملیۆنیان لە سودان و نزیکەی 800 هەزار کەسی دیکەش لە ئۆکرانیاوە بووە.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا