وەزارەتی پەروەردە: زیاتر لە 117 هەزار خوێندکاری پۆلی 12 بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی تەواو کردووە و هەزاران چاودێر و هۆڵی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە.
ئاماری گشتیی خوێندکارانی بەشداربوو
پەیمان خواجە محەممەد، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026، کۆی گشتیی خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەرسێ بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەیی، 117,142 خوێندکارن کە بەشداری تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامادەکاریی پێویست کراوە بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی هەر حاڵەتێکی گزیکردن.
ستافی کارگێڕی و چاودێریی هۆڵەکان
وەزارەتی پەروەردە بۆ بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، 2,003 هۆڵی تاقیکردنەوەی ئامادە کردووە. بۆ ئەم مەبەستە 2,003 بەڕێوەبەری هۆڵ، 12,018 چاودێر، و 1,376 سەرپەرشتیار دیاریکراون. هەروەها بۆ هەر هۆڵێک خزمەتگوزارێک تەرخان کراوە بۆ ڕاییکردنی کاروباری هۆڵەکان.
دابەشبوونی خوێندکاران و هۆڵەکان لە هەولێر و سلێمانی
بەپێی ئاماری پارێزگاکان، لە هەولێر 38,063 خوێندکار مافی بەشدارییان هەیە و 665 هۆڵیان بۆ ئامادە کراوە. لە پارێزگای سلێمانی 26,563 خوێندکار مافی بەشدارییان هەیە و بۆ ئەو مەبەستە 402 هۆڵ تەرخان کراوە.
ئاماری خوێندکاران لە دهۆک، هەڵەبجە و زاخۆ
لە پارێزگای دهۆک ژمارەی خوێندکاران 27,266 کەسە و 477 هۆڵیان بۆ ئامادە کراوە. لە پارێزگای هەڵەبجە 1,590 خوێندکار بەشداری دەکەن و 38 هۆڵیان بۆ تەرخان کراوە. هەروەها لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 6,918 خوێندکار مافی بەشدارییان هەیە و 112 هۆڵ بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانیان دابین کراوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا