مامۆستایانی گرێبەست بایکۆتی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم دەکەن
نوێنەری دەستەی گشتیی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان و نەبوونی ڕاستگۆیی لەلایەن حکومەتەوە، بڕیاریان داوە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم بایکۆت بکەن.
هۆکاری بایکۆتکردن
عەلی ڕەئووف مستەفا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، زیاتر لە دوو هەفتەیە بەسەر وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاردا تێپەڕ دەبێت، بەڵام تا ئێستا مامۆستایانی گرێبەست مووچەکانیان وەرنەگرتووە. ئەوان حکومەتی هەرێمی کوردستان بە "ڕاستگۆنەبوون" لە بەرامبەر بڕیارەکانی خۆی تۆمەتبار دەکەن، چونکە بەپێی بڕیاری پێشوو دەبوو مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ فەرمانبەرانی هەمیشەییدا دابەش بکرێت.
گومان لە داهاتی ناوخۆ
نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەت ڕایدەگەیەنێت داهاتی ناوخۆ 100 ملیار دینارە، بەڵام ئەوان بە پشتبەستن بە داتاکانی خۆیان، داهاتی مانگانەی خاڵە سنوورییەکان، هاتوچۆ و کارەبا بە زیاتر لە 400 ملیار دینار مەزەندە دەکەن و ڕایدەگەیەنن "هیچ بڕوایەکیان بەو ئامارانە نییە کە حکومەت بڵاوی دەکاتەوە".
هەڵوێستی داهاتوو
لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، بایکۆتکردنی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم هەنگاوی یەکەمە. نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بە حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕادەگەیەنێت، ئەگەر مافەکانیان نەگەڕێندرێتەوە و مووچەکانیان دابەش نەکرێت، ئەوا هەنگاوی توندتر دەگرنەبەر، لەوانە "ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری".
3 کاتژمێر پێش ئێستا