تیمی ئۆزگور ئۆزەل هەنگاوێکی نوێیان دژی کڵچدارئۆغڵو گرتەبەر

عەدنان ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کەمال کڵچدارئۆغڵوو، سەرۆکى جەهەپە و ئۆزگور ئۆزەل، کە لەلایەن دادگاى تورکیاوە لە سەرۆکایەتى پارتەکە دوورخراوەتەوە
کەمال کڵچدارئۆغڵوو، سەرۆکى جەهەپە و ئۆزگور ئۆزەل، کە لەلایەن دادگاى تورکیاوە لە سەرۆکایەتى پارتەکە دوورخراوەتەوە

ئەمرە تانەر، گوتەبێژی سەرکردایەتیی ئۆزگور ئۆزەل، کە بە بڕیاری دادگا لە پۆستی سەرۆکی جەهەپە دوورخراوەتەوە ڕایگەیاند، لە کۆی 57 ئەندامی ئەنجوومەنی جەهەپە، 28 کەسیان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، بەو جۆرەش کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە ناچارە بڕیاری کۆنگرە بدات.

کەمبوونەوەى ئەندامانى ئەنجوومەن

ئەمرە تانەر، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە پەرلەمانی تورکیا ئەنجامیدا گوتی، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەگەر ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ خوار 40 ئەندام کەمببێتەوە، وەک ئەوەی ئێستا بەهۆی ئەم دەستلەکارکێشانانەوە ڕوویداوە، ئەوا ئەنجوومەنەکە بە هەڵوەشاوە دادەنرێت و سەرۆکی حیزب ناچارە لە ماوەی 45 ڕۆژدا کۆنگرە بکات، ئەگەر نا وەک تاوانبار ناو دەبرێت.

ناچارکردن بە بڕیارى کۆنگرە

گوتەبێژەکەی تیمی ئۆزەل ئاماژەی بەوەش کرد، 10 ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنەکە کە لەگەڵ ئۆزەلن، بۆیە دەستیان لەکارنەکێشاوەتەوە، بۆ ئەوەی بچنە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە و کڵچدائۆغڵو ناچار بکەن، بڕیاری کۆنگرە بدات.

دەرکردنى ئەندامانى نزیک لە ئۆزگور

ئەمرە لە بارەی دەرکردنی نۆ پەرلەمانتاری جەهەپە لە حیزبەکە لەلایەن سەرکردایەتیی کڵچدارئۆغڵوەوە گوتی، دوورخستنەوەی ئەندامانی جەهەپە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی ناوەندی بەڕێوەبردندا نییە و کارێکی نایاساییە.

عەدنان ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا