گوتەبێژی پارتی: بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا یەکڕیزی گرنگە و لە سەردانی لایەنەکان بەردەوامین

کیژان مەحمود 4 کاتژمێر پێش ئێستا
مەحمود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
مەحمود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لە دوای جەژن و لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانیدا، سەردانی زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانیان کردووە و لە هەوڵەکانیان بەردەوامن. ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، یەکڕیزیی لایەنەکان بە پێویستییەکی گرنگی ئەم قۆناغە دەزانن.

هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی

مەحمود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دواین پێشهاتەکانەوە ڕایگەیاند، لە پاش جەژن و دەستپێشخەری و پەیامی مەسعود بارزانی، سەردانی زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانیان کردووە و بەردەوامن لە پەیوەندی لەگەڵیان؛ بۆ ئەوەی زەمینەیەکی باش بێتە ئاراوە بۆ کۆتاییهێنان بەو چەقبەستووییە سیاسییەی کە هەیە.

زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی

ناوبراو لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەم نزیکانەدا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئامادە نەبوو هیچ وادەیەک دیاری بکات، بەڵام لەوبارەیەوە گوتی: "سەرقاڵی زەمینەسازین بۆ چارەسەری ئەم دۆخە".

پێویستیی یەکڕیزی لەم قۆناغەدا

گوتەبێژی پارتی لە درێژەی قسەکانیدا هێمای بۆ ئەوە کرد، بە بۆچوونی ئەو بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا یەکڕیزی گرنگە؛ چونکە گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکەدا هەیە و بەرگەگرتنی ئاڵنگارییەکان پێویستی بە ئامادەکاری هەیە.

کیژان مەحمود

4 کاتژمێر پێش ئێستا