سەعدی پیرە: کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی پۆست و متمانەیە
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکاری سەرەکیی ڕێکنەکەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ ململانێی سەر پۆستەکان و نەبوونی متمانە دەگەڕێتەوە، هاوکات جەخت لە گرنگیی دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی و کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکاتەوە لەم قۆناغەدا.
هۆکاری ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حزب ڕایگەیاند، کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی و ڕێکنەکەوتنیان، لەسەر پۆست و نەبوونی متمانەیە.
هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان
سەعدی ئەحمەد پیرە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی هەوڵەکان بۆ چاککردنی دۆخەکە گوتیشی: "مەسعود بارزانی لە هەموومان بەئەزموونترە و کە ئەو دەستپێشخەریی کردووە، ئەوا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی هەرێمی کوردستان هەڕەشەی لەسەرە و لە قۆناغێکی هەستیاردایە". بە بۆچوونی سەعدی پیرە، نابێت سۆشیاڵ میدیا کاریگەریی لەسەر دەستپێشخەرییەکەی بارزانی هەبێت.
گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان
سەعدی پیرە، لە درێژەی قسەکانیدا کاراکردنەوەی پەرلەمانی لەم قۆناغەدا بە "زۆر گرنگ" ناوبرد و گوتی: "چونکە شەڕی ناوچەکە پریشکی بەر کوردستان دەکەوێت و پارچەکانی دیکەش چاویان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانە پاڵپشتییان بکات و لۆبیی پشتگیرییان بۆ بکات".
4 کاتژمێر پێش ئێستا