دەرباز کۆسرەت: یەکێتى دەرگاى گفتوگۆى کراوەیە و هەندێک گرفت هەن لە پۆستەکان گەورەترن

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

، ڕەخنەی توند لە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دەگرێت و هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم بۆ نەبوونی تەبایی دەگەڕێنێتەوە؛ هاوکات جەخت لە گرنگیی پاراستنی قەوارەی هەرێم و کراوەیی دەرگای گفتوگۆکانی حزبەکەی دەکاتەوە.

هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت

دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، "خودا غەزەبی لە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد گرتووە، بۆیە تاوەکو ئێستا حکومەت پێکنەهاتووە."

پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتیشی: "پێویستمان بە تەبایی و شەرعیەتدانە بە دامودەزگا فەرمییەکان، پەیوەندی لەگەڵ پارتی هەیە بۆ کۆبوونەوە و یەکێتی دەرگای گفتوگۆی کراوەیە".

گرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێ

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا لەو چوارچێوەیەدا گوتیشی: "بابەتی پێکنەهێنانی حکومەت تەنیا دابەشکاریی پۆستەکان نییە، بەڵکو هەندێک گرفت هەن لە پۆستەکان گەورەترن و پێویستە ئەوانە چارەسەر بکرێن".

پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان

دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەشڵێت: "ئەزموونی ڕۆژئاوا لەبەرچاومانە و پێویستە یەکگرتووبین بۆ پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان".

هەرکات کورد یەکڕیز بووە دەستکەوتى باشى هەبووە

هەروەها دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامى مەکتەبى سیاسیى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەکەناڵ8ـى ڕایگەیاند، هەرکات کورد یەکگرتوو بووە، دەستکەوتى باشى هەبووە، دەشڵێت، لە پاش ئەنفال و کیمیاباران، بەیەکگرتوویى کورد ڕاپەڕین ئەنجامدرا، لە پاش 2003ش، بە یەکگرتوویى کورد دەستکەوتى باش لە بەغداد بەدەستهات.

پەیوەندییەکانى یەکێتى و پارتى پێویستى بە پێداچوونەوەیە

دەرباز کۆسرەت لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی لە ماوەی 10 ساڵی ڕابروودا دەڵێت، لەکاتى ڕیفراندۆمى سەربەخۆییەوە پەیوەندییەکانى یەکێتى و پارتى سەقامگیر نەبووە، بۆیە ئێستا کاتى ئەوەیە پێداچوونەوە بکرێت و دەبێت بەگیانى لێبوردەییەوە مامەڵە بکرێت، وەکخۆی دەڵێت، پێویستە لاپەڕەیەکى نوێ بکرێتەوە و لەگەڵ واقیعى نوێ هەمووان خۆمان بگونجێنین.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا