ترەمپ: کورد لە پێدانی چەک بە خەڵکی ئێران بێئومێدیان کردین و منیش ئەوە لە بیر ناکەم

بەهزاد ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە پرسی ناردنی چەکی بۆ نەیارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ورووژاندەوە و ڕایگەیاند کە کوردەکان لەو پرسەدا بێهیوایان کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لایەنە کوردییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی تۆمەتەکان بۆ سەر یەکتری ڕەت دەکەنەوە.

تۆمەتبارکردنی کوردەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەوبارەیەوە گوتی، جارێکی دیکە باسی چەکەکان دەکاتەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە هاوپەیمانە کوردەکانیان بێهیوایان کردووە و ئەویش هەرگیز ئەوە لەبیر ناکات.

لێدوان بۆ فۆکس نیوز

سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ میدیا دڵخوازەکەی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، جارێکی دیکە باسی ئەو چەکانە دەکاتەوە کە بە گوتەی ئەو داویەتی بە کورد، بەڵام ئەوان لەبری ئەوەی بیگەیەنن بە گەلی ئێران، بۆ خۆیان بردووە.

وەڵامی پرسیاری بێژەرەکە

ترەمپ لە وەڵامی پرسیاری بێژەرێکی فۆکس نیوزدا لەو بارەیەوە گوتی، کاتێک لێی پرسی ئایا بە نیازە چەک بنێرێت بۆ گەلی ئێران: "ئێمە چەکمان نارد بۆ گەلی ئێران، چەکەکانمان دا بە کوردەکان کە نەیاری ئێرانن، بەڵام ئەوان بێهیوایان کردم، منیش ئەوە لەبیر ناکەم".

گومان لە گوتەکانی ترەمپ

سەرۆکی ئەمریکا پێشتریش لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە و چەندین جار هەمان گوتەی گوماناویی دووبارە کردووەتەوە، بەبێ ئەوەی ئەوە ڕوون بکاتەوە کە ئەو چەکانەی بە کێ داوە و کەی ئەو چەکانە دراون بە کورد و مەبەستی لە "کورد" کام پارت یان لایەن، یاخود کوردی کام بەشەی کوردستانە.

ئامانجی ناردنی چەکەکان

سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، مەبەستی لە ناردنی ئەو چەکانە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئێران بووە، لەکاتێکدا پێشتر خۆی و وەزیری جەنگەکەشی باسیان لەوە کردبوو کە مەبەستی ئەوان لە ئۆپراسیۆنەکانیان ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاران نییە.

پێشبینییەکانی ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، ئەو سەرەتا دژ بە پلانی ناردنی چەک بووە و گومانی هەبووە کورد چەکەکان لەلای خۆیان بهێڵنەوە، بەڵام دواتر پلانەکەیان جێبەجێ کردووە و چەکیان ناردووە، دەشڵێت: "هەروەک پێشبینیم کرد کوردەکان دەستیان بەسەر چەکەکاندا گرت و دابەشیان نەکرد بەسەر گەلی ئێراندا".

کاردانەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەبارەی یەکەمجار کە هەواڵی دیارنەمانی چەکەکان بڵاوکرایەوە ڕایگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا و لە دیمانەیەکدا لەگەڵ پێرس مۆرگان گوتی، دڵنیایە هیچ کەسێک لە سلێمانییەوە ئەو چەکانەی نەدزیوە.

تۆمەتەکان و وەڵامی وەزارەتی ناوخۆ

میدیای پارتی لە بەرامبەردا لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە و ئاراستەی تۆمەتەکانی بەرەو سلێمانی برد، بەڵام محەممەد هەورامی، چاودێری سیاسی ئاشکرای کردبوو کە ئەمریکا چەکەکانی ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کردووە و لە کۆگایەکی هەولێر دانراون، لە بەرامبەردا وەزارەتی ناوخۆ ئەو زانیارییانەی ڕەتکردەوە و هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی کرد.

بەهزاد ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا