ئەمریکا دەریکرد و ئەورووپا ڕێزى لێگرت
یەکێتیی تۆپى پێی ئەورووپا ڕێزى لەو ناوبژیوانە گرت کە حکومەتى ئەمریکا نەیهێشت بۆ بەڕێوەبردنى یارییەکانى مۆندیال بچێتە خاکى وڵاتەکەیەوە و بڕیاریدا ئەرکى ناوبژیوانێتیی یاریی کۆتایی جامى سوپەرى ئەورووپاى پێ بدات.
لە ڕاگەیەندراوێکى فەرمیدا، یەکێتیی تۆپى پێی ئەورووپا بڵاویکردووەتەوە، عومەر ئارتان، ناوبژیوانى سۆماڵییان دیاریکردووە بۆ ئەوەى یاریی کۆتایی جامى سوپەرى ئەورووپا بەڕێوە ببات، کە بڕیارە ڕۆژى 12/8/2026 لە شارى سالزبۆرگ لە نێوان پاریس سانجێرمان و ئەستۆن ڤێلا بەڕێوە بچێت.
یوفا ئەوەشى ئاشکرا کردووە، ئەو بڕیارە دواى گفتوگۆیەکى زۆر هات لەگەڵ یەکێتیی تۆپى پێی ئەفریقا، بۆ ئەوەى بتوانن ئەوە بکەنە ڕێچکەیەک بۆ گۆڕینەوەى زانیارى و بەرەو پێشبردنى تۆپى پێ لە هەردوو کیشوەرەکە.
ئەوەش یەکەم جارە لە مێژووى ئەورووپادا، ناوبژیوانێک لە دەرەوەى کیشوەرەکە یاریی کۆتایی جامى سوپەرى ئەورووپا بەڕێوە ببات.
دیاریکردنى عومەر ئارتان وەک ناوبژیوانى یاریی سوپەرى ئەورووپا، کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێناو ستایشى یەکێتیی تۆپى پێی ئەورووپا کرا بۆ ئەو کارە، ئەویش دواى وەى حکومەتى ئەمریکا بە بیانووى پشتیوانى لە گروپە تیرۆریستیەکان، ڤیزاى بەو ناوبژیوانە نەدا و نەیهێشت بچێتە خاکى وڵاتەکەیەوە، لە کاتێکدا ئارتان لەلایەن فیفاوە بۆ بەڕێوەبردنى چەند یارییەکى مۆندیال دیاری کرابوو.
3 کاتژمێر پێش ئێستا