12 ساڵە 13 پرۆژەی پەروەردە لە هەڵەبجە ڕاگیراون؛ هەوڵی کاراکردنەوەی پرۆژەکان دەدرێت
دوای 12 ساڵ لە ڕاوەستانیان، هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی 13 پڕۆژەی کەرتی پەروەردە لە پارێزگای هەڵەبجە دەستیان پێ کردەوە و پارێزگاری شارەکەش دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری پەروەردە، ڕەزامەندیی وەرگرت بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان ڕادەستی پارێزگاکە بکرێت.
ڕاوەستانی پڕۆژەکان بۆ ماوەی 12 ساڵ
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، ماوەی 12 ساڵە 13 پڕۆژەی کەرتی پەروەردە لە پارێزگای هەڵەبجە ڕاگیراون، بۆیە بە مەبەستی کارکردن تێیاندا ناوبراو سەردانی وەزیری پەروەردەی کردووە.
سەردانی وەزیری پەروەردە
پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لە سەردانەکەیدا نووسراوێکی داوە بە ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، بە مەبەستی کارکردن لەو 13 پڕۆژەیەی کەرتی پەروەردە کە لە ساڵی 2014ـەوە ڕاگیراون.
جۆری پڕۆژەکان و بودجەکەیان
نوخشە ناسیح لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، پڕۆژەکان پێکهاتوون لە قوتابخانە، باخچەی ساوایان و پەیمانگەی هونەرە جوانەکان؛ لە سەرەتادا بڕیار بووە لەسەر بودجەی پترۆدۆلار و پاشانیش لەسەر بودجەی وەبەرهێنان جێبەجێ بکرێن.
وەرگرتنی سەرپەرشتیی پڕۆژەکان
پارێزگاری هەڵەبجە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، لە نووسراوەکەدا داوایان کردووە سەرپەرشتیی پڕۆژەکان بدرێت بە پارێزگاکە بۆ ئەوەی بە زوویی دەست بە جێبەجێکردنیان بکەن، گوتیشی: "وەزیر ڕەزامەندیی لەسەر داواکارییەکەمان دەربڕی".
تێچووی پڕۆژەکان
سەبارەت بە تێچووی پڕۆژەکان، پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆتاییدا ڕوونیکردەوە، کۆی گشتیی تێچووی پڕۆژەکان 15 ملیۆن دۆلارە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا