ئەبو جەننەى تیکتۆکچى بە کەفالەت ئازاد کرا
دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا بڕیاری دا بە ئازادکردنی ئەبو جەننەی ناوداری تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک بە کەفالەتی دارایی، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی فێڵکردن و دەستبڕین دەستگیر کرابوو.
هۆکاری دەستگیرکردنەکەی
سەرچاوەیەکی دادوەری لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، ئەبو جەننە بە ماددەی 56 دەستگیر کرابوو کە تایبەتە بە فێڵ و دەستبڕین، ئەم چەمکەش بۆ ناوزەدکردنی کەسێک بەکاردێت کە پارەی خەڵک دەخوات؛ ڕەگ و ڕیشەی ئەم ماددەیەم بۆ ماددەی 456ـی یاسای سزاکانی عێراق دەگەڕێتەوە کە تایبەتە بە تاوانەکانی فێڵکردن.
کاتی دەستگیرکردنی
سەرچاوەیەکی ئەمنی لەمبارەیەوە گوتی، لە ڕۆژی 2ـی حوزەیرانی 2026 هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شاری موسڵ ئەبو جەننەیان دەستگیر کردووە، کە ناوە فەرمییەکەی (عەبدولڕەحمان محەممەد)ە.
هۆکاری لێکۆڵینەوەکان
بەرپرسێکی ئەمنی لە لێدوانێکدا جەختی کردەوە، لێکۆڵینەوەکان پەیوەندییان بەو ناوەڕۆکەوە نییە کە ناوبراو لە تیکتۆک پێشکەشی دەکات، بەڵکو تیشک دەخەنە سەر سەرچاوەی دارایی و دیارییەکانی و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری زیادبوونی لەناکاوی سەروەت و سامانەکەی دەکەن.
ژیانی پیشەیی پێشووی
نزیکەیەکی ئەبو جەننە لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەبو جەننە ژیانی پیشەیی خۆی وەک خاوەن چێشتخانەیەکی ماسیبرژاندن لە پارێزگای نەینەوا دەستپێکرد، پێش ئەوەی پڕۆژەکانی گەورە ببن و چەندین کارگە و خواردنەوەی وزەبەخش بە ناوی بازرگانیی خۆیەوە دابمەزرێنێت.
گومانەکان لەسەر سامانەکەی
چاودێرێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەمبارەیەوە ڕایگەیاند، ئەم گەشەسەندنە خێرایە وایکردووە شوێنکەوتووان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرسیار دەربارەی سەرچاوەی پارەکانی و قەبارەی زۆری خەرجییەکانی بکەن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا