عێراق سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ئوردن و بەحرەین و کوەیت دەکات

ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی عێراق

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هۆشداریی لە تێکچوونی دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەدات و داوای پەیڕەوکردنی زمانی گفتوگۆ و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات.

لێکەوتەی مەترسیداری هەیە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی، سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ئوردن، بەحرەین و کوەیت دەکەن و دەڵێن: "دەستپێکردنەوەی پەرەسەندنەکان لە ناوچەکەدا، لێکەوتەی مەترسیداری هەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری."

مەترسییەکانی تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە

وەزارەتەکە لەبارەی دووبارە سەرهەڵدانەوەی گرژییەکانەوە ڕایگەیاند، نیگەرانیی توندی خۆیان دەردەبڕن لە دووبارە دەستپێکردنەوەی پەرەسەندنەکان لە ناوچەکەدا، کە ئەوەش لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر ئاسایش و سەقامگیری دەبێت؛ لەکاتێکدا دۆخەکە پێویستی بە زاڵبوونی زمانی گفتوگۆ، دانایی و چڕکردنەوەی هەوڵەکان هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵۆزییەکان.

بانگەواز بۆ دانبەخۆداگرتن و ڕێگەی دیپلۆماسی

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لەوە کرد، داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و پەرەسەندنەکان؛ ئەوەش بە پشتبەستن بە ڕێگەی دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتییانە بۆ قەیرانەکان، تاوەکو ببێتە مایەی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری.

ئاسایشی دراوسێکان وەک بەشێک لە ئاسایشی عێراق

عێراق لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لەوە کردەوە، سەقامگیریی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دراوسێ، بەشێکی گرنگە لە سەقامگیریی عێراق و ئاسایشی نیشتمانی؛ هەربۆیە پێویستە پارێزگاری لە پەیوەندییە ستراتیجییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بکرێت و بەرژوەندییە باڵا هاوبەشەکان بپارێزرێن، بەشێوەیەک کە خزمەت بە گەلان و خواستەکانیان بکات بە ئاراستەی گەشەپێدان و بووژانەوە.

هۆشداری لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی فراوان

لە کۆتاییشدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی ئاییندەی ناوچەکەوە هۆشداریی دا لە خلیسکانی ناوچەکە بە ئاراستەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی فراوانتر و جەختی لە گرنگیی پاراستنی هاوسەنگی و ڕەچاوکردنی بەرژوەندییە ستراتیجییەکان کردەوە، کە ناوچەکە دووربخاتەوە لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی زیاتر.

ئارام یوسف

2 کاتژمێر پێش ئێستا