ڕاوێژکارێکی سوودانی بە یەک ساڵ بەندکردن سزادرا

ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
خالید عەبدولواحید کوبیان، ڕاوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی
خالید عەبدولواحید کوبیان، ڕاوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی

دادگای تاوانەکانی کەرخ بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی گشتی، حوکمی یەک ساڵ بەندکردنی بۆ خالید عەبدولواحید کوبیان، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دەرکرد، بەڵام بەهۆی تەمەنییەوە جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ماوەی 3 ساڵ ڕاگرت.

سزادانی ڕاوێژکارەکەی سوودانی

دادگای تاوانەکانی کەرخ لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، ڕاوێژکارێکی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقی بە 1 ساڵ بەندکردن سزاداوە.

ماددەی یاسایی و جۆری تۆمەتەکە

دادگا لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو ڕاوێژکارەی سوودانی ناوی خالید عەبدولواحید کوبیانە، بەگوێرەی ماددەی 340 لە یاسای سزادان و بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی ئەو شوێنەی کاری تێدا کردووە، بە بەندکردن بۆ ماوەی 1 ساڵ سزادراوە.

ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزاکە

دادگای ناوبراو لە ڕوونکردنەوەی زیاتردا لەو بارەیەوە گوتی، بەهۆی تەمەن و ڕەوشتی تاوانبارەوە، ئەو باوەڕەیان لادروست بووە کە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە بۆ تاوانێکی ئەنقەستی نوێ، بۆیە بڕیاریان داوە بە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزاکە بۆ ماوەی 3 ساڵ.

داواکردنی قەرەبووی دارایی

دادگای تاوانەکانی کەرخ لە کۆتاییی بڕیارەکەیدا ئەوەشی ڕاگەیاند، مافی داوە بە سکاڵاکاری دۆسیەکە، سەردانی دادگا شارستانییەکان بکات بۆ داواکردنی قەرەبوو.

ئارام یوسف

2 کاتژمێر پێش ئێستا