ترەمپ: هێرشەکانی ئەمشەو بۆ سەر ئێران هەڵدەوەشێنمەوە و بەمزووانە رێککەوتن ڕادەگەیێنرێت

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی گەیشتووەتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ ئێران کە لەلایەن سەرکردایەتیی هەردوولاوە پەسەند کراوە؛ بەو هۆیەشەوە بڕیاریداوە ئەو هێرشە سەربازییانەی کە بڕیار بوو ئەمشەو ئەنجام بدرێن، هەڵبوەشێنێتەوە.

پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە لەسەر ئاستی باڵا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بارودۆخەکەوە ڕایگەیاند، ئێران لە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتیدا ڕێککەوتنی پەسەند کردووە و هەموو لایەنەکان لەڕووی چەمک و وردەکارییەوە ڕێککەوتنەکەیان پەسەند کردووە؛ هەربۆیە بڕیاریداوە ئەو هێرشانەی کە بەڵێنیدابوو ئەمشەو بیکاتە سەر ئێران، هەڵبوەشێنێتەوە.

هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکان

سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: "بە پشتبەستن بەو ڕاستییەی کە دانوستانەکان لە بەرزترین ئاستدا لەگەڵ سەرکردایەتیی ئێران ئەنجام دەدرێن و پەسەند کراون، من وەک سەرۆکی ئەمریکا ئەم ئێوارەیە هێرش و بۆردومانە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی دژ بە ئێرانم هەڵوەشاندەوە."

کۆدەنگیی نێودەوڵەتی و ناوچەیی

دۆناڵد ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ و خاڵە کۆتاییەکانیان لەڕووی چەمک و وردەکارییەوە پەسەند کردووە؛ لەنێویاندا ئەمریکا، ئیسرائیل، سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، تورکیا، پاکستان، بەحرەین، کووەیت، ئوردن، میسر و ئەوانی دیکەش.

بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکان

سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەوەش کردەوە، کە گەمارۆی دەریایی سەر کەناراوەکانی ئێران بەوپەڕی هێز و کاریگەرییەوە دەمێنێتەوە تاوەکو ئەم ڕێککەوتنە دەگاتە کۆتایی، هەروەها کات و شوێنی واژۆکردنەکەش بەمزووانە ڕادەگەیەنرێت.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا