مایڵز کاگینز بۆ کەناڵ8: پێویستە بەغداد گرەنتى پاراستنى کۆمپانیا نەوتییەکان بکات
حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان لە هەوڵی چڕدان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا عێراق جەخت لە گرنگیی ئەم هەنگاوە دەکاتەوە، کۆمپانیاکانیش بۆ گەڕانەوەیان چەند مەرجێکی سەرەکییان هەیە کە پەیوەستن بە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و دابینکردنی شایستە داراییە کەڵەکەبووەکانیان.
داواکاری بۆ دابینکردنی گرنتی ئەمنی
مایڵز کاگینز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای وۆرڵد واریۆرس لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتەوە گوتی، پێویستە حکومەتی عێراق گرنتی ئەمنییەتی کۆمپانیا نەوتییەکان بگرێتە ئەستۆ لەو کاتەی کە دەستبەکار دەبنەوە.
داواکاریی کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەرهەمهێنانی تەواوەتی
مایڵز کاگینز لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 ڕایگەیاند، عەلی زەیدی و تیمەکەی لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی تەواوەتیی نەوت لە ڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا تێدەگەن، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە کۆمپانیا نەوتییەکان داواکاریی تایبەتیان هەیە.
هۆشداری لە هێرشە درۆنییەکان
مایڵز کاگینز لەبارەی مەترسییە ئەمنییەکانەوە گوتی: "پێویستە بەغداد بەردەوام بێت لە ڕێگریی لە هێرشە درۆنییەکان کە بەردەوام هەڕەشەن بۆ سەر خەڵکی عێراق و زیانیان بە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە."
بۆریی نەوتی کوردستان وەک تاکە دەرچە
کاگینز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو وەبەرهێنانانەی لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوتەوە لە هەرێمی کوردستان کراوە بۆ ئابووریی وڵاتەکە "زۆر گرنگە"؛ بەتایبەت کە ئێستا گەرووی هورمز داخراوە و بۆریی نەوتی کوردستان تاکە دەرچەی عێراقە.
کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵا لەسەر پرسی نەوت
سەلیم ڕوکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی گفتوگۆکانەوە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، عەلی زەیدی لەگەڵ هەریەک لە وەزیرانی نەوتی عێراق، سامانە سروشتییەکان و سوپاسالاردا کۆبووەتەوە و گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕانەوەی کۆمپانیا بیانییەکانی باسکردووە.
بەڵێن بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکان
عەلی زەیدی لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، بەڵێن دەدات چارەسەری سەرجەم کێشەکانی کۆمپانیاکان بکات، هەروەها داواشی لە کۆمپانیا بیانییەکان کردووە کە دەستبەجێ بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
سێ مەرجە سەرەکییەکەی کۆمپانیاکان
نەبیل مەرسوومی، مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابووری لەبارەی مەرجی کۆمپانیاکانەوە گوتی، سێ مەرجی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ کارکردنەوە دیاریکراون؛ یەکەم: پاراستنی کێڵگە و بیرە نەوتییەکان لە هێرشی درۆن و مووشەک. مەرجی دووەمیش بریتییە لە میکانیزمێکی ڕوون کە گرنتیی پێدانی شایستە داراییەکان بکات بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و بەردەوام لە کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن.
شایستە داراییە کەڵەکەبووەکان و کێشەی کۆمپانیای DNO
نەبیل مەرسوومی لەبارەی مەرجی سێیەمەوە ڕایگەیاند، پێویستە پابەندبوون هەبێت بە پێدانەوەی قەرز و شایستە داراییە کەڵەکەبووەکانی ڕابردووی ئەو کۆمپانیایانە، لە سەرووی هەمووشیانەوە شایستەکانی کۆمپانیای نەوتی "دی ئێن ئۆ"ی نەرویجی؛ کە پێشتر ڕایگەیاندبوو بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستان ڕادەگرێت تاوەکو ئەو کاتەی کێشەی شایستە داراییە دواکەوتووەکانیان چارەسەر دەکرێت، کە بە نزیکەیی 1 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
1 کاتژمێر پێش ئێستا