فازڵ نەبى: داهاتى ئیبراهیم خەلیل لە 70% کەمبووەتەوە؛ بەئەگەرى زۆرەوە مووچە لە کاتى خۆى دێت
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق، ئاشکرای دەکات کە سەرەڕای داواکارییەکانی بەغداد بۆ ڕادەستکردنی بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆ، بەڵام بە سەردانی شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد، کێشەکان بەرەو چارەسەر دەچن و ناردنی مووچەی مانگانە گەرەنتی دەکرێت.
سووربوونی بەغداد لەسەر داهاتی ناوخۆ
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا لەبارەی کێشە داراییەکانەوە ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەغداد ڕژدە لەسەر داواکارییەکەی بە ناردنی 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ هەر مانگێک. ناوبراو گوتیشی، بەڵام شاندێک دەچێتە بەغداد و ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت.
هۆکارەکانی کەمبوونەوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە کەمبوونەوەی داهاتەکان گوتی، هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ، بۆ سیستمی "ئەسیکۆدا"، جەنگی ناوچەکە و ئەو هێڵە بازرگانییە دەگەڕێتەوە کە لە تورکیاوە بۆ سووریا و پاشان بۆ عێراق کراوەتەوە. فازڵ نەبی ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل بۆ 70% کەمیکردووە.
چاوەڕوانییەکان بۆ ناردنی مووچە
فازڵ نەبی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی، هەرکاتێک شاندی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغداد، لێکگەیشتن لەسەر داهاتی ناوخۆ دروست دەبێت و بە ئەگەری زۆرەوە مانگانە بەغداد مووچەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
یەدەگی دراوی عێراق دوو ئەوەندە و نیوی بڕی پێویستە
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا لەبارەی یەدەگی دراوەوە ڕایگەیاند، یەدەگی دراوی عێراقی لە بانکی مەرکەزیی، دوو ئەوەندە و نیوی ئەو بڕە دەبێت کە پێویستە عێراق هەیبێت.
مووچە و داهاتی نەوت
فازڵ نەبی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆران گوتی، کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی عێراق کاریگەریی لەسەر مووچەی فەرمانبەران نابێت و ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ عێراق داهاتی نەوتیی نەبێت، دەتوانێت مووچەی مووچەخۆران بەبێ گرفت دابەشبکات.
توانای حکومەت بۆ بەکارهێنانی یەدەگ
ناوبراو لە کۆتایی لێدوانەکەیدا لەبارەی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ یەدەگی دراو گوتیشی، حکومەت دەتوانێت بە چەند ڕێگایەک ئەو یەدەگە بەکاربهێنێت و هیچ گرفتێک لە بەکارهێنانی نییە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا