دوای 13 ساڵ گۆڕانکاری کرا و پەیمانیی نوێی کۆچ و پەنابەری لە ئەورووپا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دوای 13 ساڵ گۆڕانکاری لە یاسای کۆچبەریی یەکێتیی ئەورووپا کرا
دوای 13 ساڵ گۆڕانکاری لە یاسای کۆچبەریی یەکێتیی ئەورووپا کرا

دوای ساڵانێکی زۆر لە گفتوگۆ، یەکێتیی ئەورووپا پەیماننامەی نوێی کۆچ و پەنابەری دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم هەنگاوە کە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە دوای ڕێککەوتننامەی دبلن، ئامانجی توندکردنەوەی چاودێریی سنوورەکان و یەکخستنی ڕێکارە یاساییەکانە، بەڵام هاوکات نیگەرانیی زۆری لای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە سەبارەت بە چارەنووسی پەنابەران.

دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە سیاسەتی کۆچ

بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا لەوبارەیەوە ڕایانگەیاند؛ ڕۆژی هەینی پەیماننامەی نوێی کۆچ و پەنابەری لە 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەورووپا بە فەرمی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمەش یەکەمجارە دوای 13 ساڵ گۆڕانکاری لەو یاسایەدا بکرێت، کە لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی دبلنەوە گۆڕانکاریی بەخۆوە نەبینیوە.

ڕۆڵی ڕاستڕەوەکان لە گۆڕینی یاساکەدا

چاودێرانی سیاسی لەمبارەیەوە ئاماژە بەوە دەکەن؛ پڕۆژەیاساکە ساڵی 2024 پەسەند کرا، لەو کاتەدا ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بوون بە زۆرینە و توانیان پشتیوانی بۆ گۆڕانکاری لە یاساکەدا بەدەستبهێنن، کە ڕێسا نیشتمانییە سەربەخۆکانی وڵاتانی ئەندام لە یەک سیستمی یاسایی پابەندکەردا جێدەکاتەوە.

ڕێوشوێنە نوێیەکانی چاودێریی سنوورەکان

پسپۆڕانی یاسایی لەوبارەیەوە گوتیان؛ گۆڕانکارییەکان لە یاسای کۆچبەری چەند ڕێوشوێنێک دەگرێتەوە، لەوانە پشکنینی ناچاریی سنوورەکان و ڕێگری لە هاتنی نایاسایی کۆچبەران، هەروەها دیپۆرتکردنەوەی خێرای ئەو کۆچبەرانەی وڵاتەکانیان ڕێژەی کۆچبەریی تێیدا لە خوار 20%ـەوەیە.

پشکنینی تەندروستی و یاسایی بۆ کۆچبەران

ناوەندە هەواڵییەکان لەوبارەیەوە ڕایانگەیاند؛ وڵاتانی هێڵی پێشەوەی یەکێتیی ئەورووپا پشکنینی 7 ڕۆژە بۆ کۆچبەران دەکەن، لە ڕووی یاسایی و تەندروستییەوە. چوارچێوە نوێکە وڵاتانی ئەندام سەرپشک دەکات بۆ ڕێکارەکانی دەستبەسەرداگرتن لە کاتی جێبەجێکردنی داواکاریی پەنابەریدا.

کاریگەرییەکان لەسەر کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

شارەزایانی بواری کۆچ لەمبارەیەوە گوتیان؛ هەرچەندە جێبەجێکردنی تەواوی ئەم ڕێوشوێنانە لە شەو و ڕۆژێکدا ڕوونادات و کاتی پێویستە، بەڵام لە ئێستاوە کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر کۆچبەران و پەنابەران دەردەکەوێت، بەتایبەتی لەسەر کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کە زۆرترین کاریگەریی ئەم یاسا نوێیانەیان بەردەکەوێت.

ڕێگری لە هاتنە ناوەوە و دیپۆرتکردنەوەی خێرا

لە دەقی یاسا نوێیەکەدا لەوبارەیەوە هاتووە؛ یاساکە وڵاتان دەستکراوە دەکات تاوەکو ڕێژەی 20%ـی کۆچبەران دەستبەجێ دیپۆرت بکەنەوە. ئەو کۆچبەرانەشی بە ئاوەکاندا خۆیان دەگەیەننە سنوورە وشکانییەکان، ڕێگەیان پێنادرێت بچنە ناو یەکێتیی ئەورووپاوە و لەگەڵ گەیشتنیاندا ڕووبەڕووی پشکنینی وردی یاسایی و تەندروستی دەبنەوە.

سندووقی دارایی هاوبەش و سزای سەرپێچیکاران

کۆمیسیۆنی ئەورووپا لەمبارەیەوە ڕایگەیاند؛ لەم یاسا نوێیەدا سندووقێکی دارایی هاوبەش دروست دەکرێت، وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا پابەند دەکرێن بە وەرگرتنی ڕێژەی یەکسانی کۆچبەران، یان بەخشینی 20000 یۆرۆ بە سندووقەکە بەرامبەر بە ڕەتکردنەوەی وەرگرتنی هەر کۆچبەرێک. هەر وڵاتێکی ئەندام پێچەوانەی یاساکە بجوڵێتەوە، لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەورووپاوە ڕووبەڕووی ڕێوشوێنی یاسایی و دارایی توند دەبێتەوە.

ئامانجەکانی سندووقی دارایی بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆچ

ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە لەوبارەیەوە گوتیان؛ داهاتی ئەم سندووقە بەکاردەهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی سنوورەکان و باشترکردنی ژێرخانی پێشوازی لە کۆچبەران، یان پشتگیریی پڕۆژەکانی ڕێگریکردن لە دیاردەی کۆچکردن لە سەرچاوەکەیەوە.

هۆشدارییەکانی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەوبارەیەوە ڕایانگەیاند؛ لەگەڵ نزیکبوونەوەی چوونە بواری جێبەجێکردنی یاساکە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەنێویاندا هیومان ڕایتس وۆچ، هۆشدارییان دا لەوەی ئەو ڕێوشوێنانە ببنە هۆی ئازاردانی منداڵان و خێزانەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا و تێکدانی مافی بنەڕەتیی داواکردنی پەنابەری لە ئەورووپا.

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا