بریکارى وەزارەتى بازرگانى: گەنمى جووتیاران وەردەگرین

ئارام قەرەداغی 4 کاتژمێر پێش ئێستا
ساتی ڕۆکردنی گەنم لە یەکێک لە کۆگاکانی گەنم لە هەرێمی کوردستان
ساتی ڕۆکردنی گەنم لە یەکێک لە کۆگاکانی گەنم لە هەرێمی کوردستان

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، وردەکاریی پلانی ئەمساڵ بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و نرخەکان ئاشکرا دەکات. ناوبراو لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8، ئاماژە بەوە دەکات کە چەندین پلانی جێگرەوەیان هەیە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی ئەو جووتیارانەی ناویان لە پلانی وەرگرتنی عێراقدا نییە، لەوانەش هەناردەکردن و گواستنەوەی گەنم بۆ پارێزگاکانی دیکە.

دیاریکردنی بڕی گەنم و نرخەکانی وەرگرتن

سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند؛ ئەو 400 هەزار تۆن گەنمەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، 192 هەزار تۆنیان بە 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێت و 108 هەزارەکەی دیکەش نرخەکەی بە 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک دیاریکراوە.

ڕێککەوتن لەگەڵ وەبەرهێنەران بۆ وەرگرتنی گەنمی زیادە

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا لەوبارەیەوە گوتی؛ پاش تەواوبوونی پلانی وەرگرتن، حکومەت و وەبەرهێنەران پێکەوە کۆدەبنەوە و لەسەر نرخێک ڕێکدەکەون، بەو نرخەش گەنم لەو جووتیارانە وەردەگیرێت کە ناویان لە دەرەوەی پلانی وەرگرتنی عێراقدایە.

هەناردەکردن و گواستنەوەی گەنم بۆ پارێزگاکانی عێراق

بریکاری وەزارەتی بازرگانی لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووەوە ئەوەشی خستە ڕوو؛ دوو پلانی دیکە هەیە بۆ وەرگرتنی گەنم، پلانێکیان هەناردەکردنی گەنمە بۆ دەرەوەی وڵات و پلانی دووەمیش ئازادکردنی هاتووچۆ و گواستنەوەی گەنمە بۆ پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق.

ئارام قەرەداغی

4 کاتژمێر پێش ئێستا